ریپۆرتەری تورکیا لە پەرلەمانی ئەورووپا: دەبێت مافی هاووڵاتییانی کورد لە تورکیا مسۆگەر بکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

ریپۆرتەری تورکیا لە پەرلەمانی ئەورووپا چەند کۆبوونەوەیەکی لە ئەنقەرە کرد و رایگەیاند، سەردانی کەسایەتییە سیاسییە زیندانیکراوەکان دەکات و لەبارەی پرۆسەی چارەسەریش قسەی کرد. 
 
ناچۆ سانچێز ئامۆر، ریپۆرتەری تورکیا لە پەرلەمانی ئەورووپا سوپاسی بەرپرسانی تورکیای کرد بۆ ئەو کارئاسانییەی پێشکێشیان کردووە و سەبارەت بە سەردانی کەسایەتییە دیارە زیندانیکراوەکان گوتی، ئەمڕۆ شەممە  "سەردانی سەڵاحەدین دەمیرتاش، ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، عوسمان کاڤاڵا و جان ئاتاڵای دەکەم." 
 
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە جێبەجێنەکردنی بڕیاری دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا لەبارەی سەڵاحەدین دەمیرتاش، ئامۆر ئەوەی بەبیر هێنایەوە کە تورکیا یەکێکە لە ئەندامە دامەزرێنەرەکانی ئەنجوومەنی ئەورووپا و گوتی: "ئەوەی من تێناگەم ئەوەیە، بۆچی ئەو بەرپرسانەی دەڵێن سەروەریی یاسا لە دۆخێکی باشدایە، پابەندی بڕیارەکانی دادگە نابن؟ جیدییەتی وڵاتێک تەنیا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان ناپێورێ، بەڵکو بە پابەندبوونی بە بەڵێنەکانییەوە دەپێورێ. کەس ناچاری نەکردوون تورکیا ببێتە ئەندامی ئەنجوومەنی ئەورووپا. ئێوە خۆتان هەڵتانبژاردووە ببنە ئەندام. ئەگەر دەتانەوێ پەیامی 'ئامادەین بۆ دەستپێکردنەوەی پرۆسەی ئەندامێتی' و 'ئامادەین بۆ چاکسازی' بنێرن بۆ یەکێتیی ئەورووپا، یەکەم شت کە دەبێت بیکەن ئەوەیە پابەندی بڕیارەکانی دادگە بن لەو داوایانەی کە تێیدا لایەنن و براوە نەبوون. ئەمە ئەلف و بێی دیموکراسییە".
 
ئامۆر ئاماژەی بەوە کرد کە پرۆسەی چارەسەری هیوای لەنێو کۆمەڵگەی تورکیادا دروستکردووە و بڕیاری چەکدانانی پەکەکەی بە "ساتێکی هیوای گەورە بۆ داهاتوو" ناوبرد. 
 
ئامۆر رایگەیاند: "چەکدانانی پەکەکە بەڕاستی هەواڵێکی زۆر خۆشە. پێموایە وڵات بەرگەی شکستێکی دیکە ناگرێ. ئەگەر هەڕەشەکە کۆتایی هاتبێت، ئەمە دەرفەتێکی نوێیە. ئەگەر ویستی سیاسی هەبێت، هەموو شتێک دەکرێ. وڵات دەتوانێ بچێتە قۆناخێکی دیکەوە کە تێیدا هاوسەنگیی نێوان ئاسایش و ئازادی بە قازانجی ئازادییەکان دابمەزرێنێت."
 
ئامۆر گوتی، یەکێتیی ئەورووپا بە تەواوی پشتگیریی پرۆسەی چارەسەری دەکات و سەرنجی خستەسەر مافی هاونیشتمانییان لە باکووری کوردستان و تورکیا و رایگەیاند: "هەڵوێستی یەکێتیی ئەورووپا ئەوەیە کە ئەگەر پێویست بکات، یارمەتیدەر دەبێ. ئێمە هانی پرۆسەکە دەدەین، بەڵام بە هیچ شێوەیەک ناتوانین دەستوەردان لە پرۆسەکەدا بکەین. دڵنیام نەوەک تەنیا یەکێتیی ئەورووپا، بەڵکو هەموو ئەندامانی یەکێتییەکەش پشتگیریی ئەم پرۆسەیە دەکەن. زۆر سوور بووم لەسەر ئەوە و دەمەوێ بڵێم، دەبێ لەم پرۆسەیەدا مافی هاووڵاتییانی تورکیا کە بە رەچەڵەک کوردن، مسۆگەر بکرێ."