عەبدوڵڵا ئۆجەلان: جەنگی مانەوەمان تەواو کردووە و خوێندنەوەی مارکس بۆ پرسی ژن رووکەشانە بوو

 
رووداو دیجیتاڵ

دوێنێ 6ی کانوونی یەکەمی 2025 پارتی یەکسانی و دیموکراسی گەلان (دەم پارتی)، کۆنفرانسێکی سازکرد لە ژێر ناوی (کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی)، تێیدا چەندین گوتار پێشکێش کران، لەوانەش گوتاری سەرۆک مەسعود بارزانی و هەروەها گوتاری نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان.
 
هەر لەو کۆنفرانسەدا گوتارێکی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان - پەکەکە خوێندرایەوە. پەکەکە لە کۆنگرەی 12ی دا بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەک دانانی پەسند کرد لەسەر داوای ئۆجەلان.
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 15ی شوباتی 1999 لە کینیا دەستگیرکرا و برایەوە بۆ تورکیا لەوکاتەوە لە زیندانی دوورگەی ئیمرالی یە. لەکاتی پرۆسەی ئاشتی دا لەساڵانی 2011 - 2015دا، چوار گیراوی پەکەکە بردرانە ئیمرالی ، یەکێک لەوان وەیسی ئاکتاش بوو، کە ئەم ساڵ دوای تەواوبوونی ماوەی زیندانیکردنی ئازادکرا.
 
وەیسی ئاکتاش دوێـنێ لە کۆنفرانسەکەدا پەیامی ئۆجەلانی خوێندەوە، کە ئەمە دەقەکەیەتی:
 
با لەرێی بونیاتنانی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی، سۆشیالیزم بەدەست بهێنینەوە.
 
بیرمەندانی بەڕێز، هەڤاڵانی هێژا، نوێنەرانی خۆشەویست و هەموو ئەوانەی کە بڕواتان وایە هێشتا دەکرێ سۆشیالیزم هەبێت؛ لەژێر هەلومەرجی گۆشەگیریدا لە دوورگەی ئیمراڵی کە 25 ساڵی تەواو کردووە، لە قۆناخێکدا کە لەسەر بنەمای پرسی کورد لە تورکیا بۆ گەڕان بە دوای ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی دا دانوستاندن لەگەڵ دەوڵەت دەستیپێکردووەتەوە. لە کەشێکی وەهادا بانگەواز ئاراستەی ئێوە دەکەم. ئەمڕۆ لێرە قسەکردن لەگەڵ ئێوە لە کۆنفرانسی نێودەوڵەتیی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی لەپێناو رێگەی سەرلەنوێ بونیاتنانەوەی سۆشیالیزم دا، بەنرخ و واتادارە.
 
ئێمە وەک کورد بە تێکۆشانی 52 ساڵەی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)، جەنگی مانەوە و شەرەفمان تەواوکردووە، ئیدی چووینەتە قۆناخێکەوە کە کۆماری دیموکراسی و کۆمەڵگەی دیموکراسی تێیدا بونیات دەنرێتەوە.
 
پەکەکە بە مسۆگەرکردنی بوونی نەتەوەیی گەلی کورد، ئەرکە مێژووییەکەی تەواو کردووە و، لە هەمان کاتدا تەنگژەی سۆشیالیزمی نەتەوە-دەوڵەتیشی ئاشکرا کردووە. سۆشیالیزمی سەدەی 20ـەم وەک هەڵمەتێکی شۆڕشی نەرێنی دەرکەوت، بەڵام نەیتوانی یەکیکی دیکەی نوێ لە شوێنەکەی دابنێ. لە ساڵانی 1990ـەکاندا و لە قۆناخێکدا کە زۆرینە لە سۆشیالیزم رایاندەکرد، بە دروشمی "سووربوون لەسەر سۆشیالیزم، سووربوونە لەسەر مرۆڤبوون"، هەموو ژیانی خۆمم بۆ ئەو بونیاتنانەوەیە تەرخان کرد. ئەو تێکۆشانەی بە باجێکی گەورەوە کرا، ئەمڕۆ بووەتە میراتێک کە بە رەخنەی تیۆری و کردەیی هەوێن کراوە. خاوەنداریی دروستی ئەم میراتە، ئەوە دەخوازێت کە سۆشیالیزم لە یادەوەرییەک دەربهێنرێت و بکرێتە هێزێکی کۆمەڵایەتیی زیندوو لەنێو دڵی گەل دا.
 
نەریتی سۆشیالیستی لە مێژوودا دەبێت وەک میراتێک بۆ بونیاتنانی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی سەیر بکرێت، رێگەی ئەمەش جێبەجێکردنی ئەرکە نێودەوڵەتییەکانە لەڕووی تیۆری و کردەییەوە. هەرچەندە سۆشیالیستە یۆتۆپییەکان  (خەیاڵی) و مارکسیستەکان لە سەدەی 19ـەوە بە شێوەیەکی بەرفراوان رەخنەیان لە سیستمی هەژموونی سەرمایەداری گرتووە، بەڵام نەیانتوانیوە پەرە بە هێڵێکی دیکەی سەرکەوتوو بدەن. سەرمایەداری ئەمڕۆ ئیدی قەیران نییە، بەڵکو گەیشتووەتە ئاستی نەخۆشییەک کە هەڕەشە لە توێژی مرۆڤ دەکات. قۆرخکاریی تووندوتیژی لە فۆرمی نەتەوە-دەوڵەت دا لەم داڕمانەدا یەکلاکەرەوەیە. وەک چۆن ناکرێ سەرمایەداری تەنیا بە پاساوی ئابووری روونبکرێتەوە، ئاواش ناکرێت شکستی رەوتی سۆشیالیستەکان تەنیا لە رێی گوشاری سەرمایەدارییەوە روونبکرێتەوە. لە پاشەکشەکەدا هەڵە مێژوویی و هەنووکەییەکانیش یەکلاکەرەوەن.
 
دەبێت رەخنەکانم رووبەڕووی مارکسیزم بە راست و دروستی تێبگەیندرێن. مارکس تۆمەتبار ناکەم؛ لە سەردەمی ئەودا مێژوو وەک ئەمڕۆ رۆشن نەکرابووەوە، قەیرانی ژینگەناسی (ئیکۆلۆجی) نەبوو و سەرمایەداری لە قۆناخی هەڵکشاندا بوو. لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا مارکس ئایدۆلۆژێکە کە متمانەی بەرزی بە خۆی هەیە و دەتوانێت بەردەوام لە بۆچوونەکانی خۆی بپرسێتەوە. ئازادیی ژن دەبینێت، بەڵام لەبەرئەوەی بەشێوەیەکی رووکەش دەیخوێنێتەوە و قووڵاییەکەی دەرک پێنەکردووە، بڕوای وابوو ئەگەر چەوساندنەوەی ئابووری تێپەڕێنرێت، ئەوا ئەوەش (پرسی ژن) خۆبەخۆ تێدەپەڕێنرێت. هەوڵدان بۆ شیکردنەوەی مێژووی کۆمەڵایەتی تەنیا بە چینایەتی و، نەتوانینی شرۆڤەکردنی تەواویی دەوڵەت و نەتەوە-دەوڵەت، ئەنجامی قورسی لێکەوتووەتەوە. لەگەڵ باسکردنی هەموو ئەم رەخنانەدا، دەمەوێت ئەوەش زیاد بکەم کە رێزێکی زۆرم بۆ رەنجی مارکس هەیە، گومانم لە نیازی نییە و مارکسیزم لە مارکس بە جیا دەبینم. ئێمە کاتێک لە هەندێک بابەتی بنەڕەتیدا رەخنە لە مارکسیزم و ریەڵ سۆشیاڵیزم (واقیعی) دەگرین، ئەوەی وەک سۆشیالیستێک هەستی پێدەکەین رەخنە لەخۆگرتنە.
 
هێزە دژە سیستمەکان دەبێت ماتریالیزمی مێژوویی بە شێوەیەکی گونجاو لەگەڵ راستیی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی سەرلەنوێ تاوتوێ بکەنەوە. گرنگە بزانرێت کە سەرمایەداری لە سەدەی 16دا "لە ئاسمانەوە دانەبەزیوە"، بەڵکو رەگەکانی بۆ پەرەسەندنی شارستانیی 10-12 هەزار ساڵە لە خوارووی میزۆپۆتامیا دەگەڕێتەوە. ناوەندەکانی وەک گوبەکلیتەپە (گردی خەرابڕەشک) و کاراهانتەپە (گردی کەچەل) ئەم دەستپێکە مێژووییە رۆشن دەکەنەوە. هەر بۆیە پێناسەکردنی سیستمی شارستانیی ئێستا بە سیستەمی بکوژی چینی کۆمەڵایەتی بە راستتر دەبینم. دۆزینەوە شوێنەواری و ئەنترۆپۆلۆجییەکان دەریدەخەن کە نێرینە راوچییەکان بەو تەکنیکانەی کوشتن کە پەرەیان پێداوە، ژنیان سەرکوتکردووە و کۆیلەیان کردوون. ئەمە ریشەدارترین کەڵێنە لە مێژووی مرۆڤایەتی دا. هاوکات دژە-شۆڕشێکی گەورەیە کە هەموو پەرەسەندنەکانی دواتری شارستانیی دیاریکردووە.
 
شیکردنەوەی سەرمایەداری بە دەستپێکردن لە تێڕوانینی مێژوویی رابردووەوە، ئاسۆی فراوان دەکاتەوە. ئەم سیستمە تەنیا بەوەوە ناوەستێت کە ناکۆکییەکانی نێو کۆمەڵگە هەڵگیرسێنێت، بەڵکو بە پەرەپێدانی سیستمی چەکی کیمیایی و ئەتۆمی کە دەتوانێت هەموو هەسارەکە لەنێوببات، بە پیسکردنی کەشوهەوا و تێکدانی تەواوی سرووشت بۆ تاڵانکردنی سامانەکانی ژێرزەوی و سەرزەوی، کۆتایی بە توێژی مرۆڤ دەهێنێت. بە پابەندبوون بەم راستییەوە، پێشکێشکردنی شیکردنەوەیەکی نوێی سەرمایەداری بە مرۆڤایەتی، لە نێو ئەرکە بنەڕەتییەکانی نێودەوڵەتیدایە.
 
پێویستە پێش چینایەتی، بە تێڕوانینی کۆمۆن وەک پێکهاتەیەکی خۆپاراستن سەیری مێژووی چەوساوەکان بکرێت. بۆ ئەمەش پێویستە هۆزە سەرەتاییەکان، وەک دەستپێکی کۆمۆن ببینرێن و ئەمە پێویستی بە تێڕوانینێکی مێژووییە کە درێژ دەبێتەوە تاوەکو ئەو چینەی ئەمڕۆ پێیدەگوترێت پرۆلیتاریا یان تەواوی چەوساوەکان.
 
ئینجا بە پشتبەستن بەمە دەڵێین، مێژوو تەنیا لە ململانێی چینایەتی پێکنەهاتووە. هەرچەندە ئەوەش لەخۆ دەگرێت؛ بەڵام راستترە مێژوو وەک پرۆسەی پەیوەندی و پێکدادانی نێوان پەرەسەندنی کۆمۆناڵ (کە مێژووەکەی بۆ نزیکەی 30 هەزار ساڵ لەمەوبەر دەگەڕێتەوە) و پەرەسەندنی دژە-کۆمۆناڵ بخوێندرێتەوە.
 
بڕوام وایە لە کۆنفرانسەکەتان دا بە پشتبەستن بەو شیکردنەوە تیۆریانەی دەیانخەمەڕوو، گفتوگۆی گرنگ دەکرێت و ئەمە بەشداری لە تێگەیشتنێکی نوێی بەرنامەی سیاسی و رێکخراوەیدا دەکات. ئەم قۆناخە شێوازی سەرەکیی ماتریالیزمی دیالەکتیکە، بەڵام دەبێت هەندێک زێدەڕەۆیی دیالەکتیی کلاسیک تێپەڕێنرێن. ناچارین ناکۆکییەکان نەک وەک دوو جەمسەر کە یەکدی لەنێودەبەن، بەڵکو وەک دیاردەی کۆمەڵایەتی کە یەکدی تەواو دەکەن ببینین. چونکە بەبێ کۆمۆن دەوڵەت نابێت، هەروەها بەبێ بۆرجوازی پرۆلیتاریا نابێت. کەواتە پێویستە ناکۆکییەکان نەک بە لۆژیکی لەنێوبردن، بەڵکو بە تێڕوانینێکی مێژوویی وەرچەرخێنەر دەستنیشان بکرێن.
 
پەرەسەندنە زانستییەکانیش دەریدەخەن کە شێوازی دیالەکتیک تاوەکو بە رەهایی نەکرێت، هێشتا ئامرازێکی کاریگەرە لە شیکردنەوە کۆمەڵایەتییەکان دا. لەم چوارچێوەیەدا نوێکردنەوەی دیالێکتیکی کۆمۆن-دەوڵەت و چین-دەوڵەت پێویستە. شکستی ریەڵ-سۆشیالیزمی سەدەی بیستەمیش هەر لەبەر نەخوێندنەوەی دروستی ئەم دیالەکتیکە مێژووییە بووە: سۆشیالیزمی دەوڵەتگەرا کاتێک دەستی بەسەر دەوڵەتدا گرت، لە کۆتاییدا دۆڕا بەرامبەر دەوڵەت. مافی چارەی خۆنووسینی گەلانیش بە گرێدانەوەی بە نەتەوە-دەوڵەتەوە، لەنێو سنوورەکانی سیاسەتی بۆرجوازیدا گیری کرد. چەمکی "نەتەوە-دەوڵەتی پرۆلیتاریا"ش جگە لە بەرهەمهێنانەوەی عەقڵییەتی دەوڵەتگەرا، هیچ ئەنجامێکی لێنەکەوتەوە. بە خوێندنەوەی دروستی ئەم راستییە، ئەمەم دەربڕی: سۆشیالیزمی نەتەوە-دەوڵەت بەرەو شکست، سۆشیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراسیش بەرەو سەرکەوتن دەبات. ئەمڕۆ کاتی ئەوەیە لەسەر بنەمای سۆشیالیزمی کۆمەڵگەی دیموکراسی بەرەو رزگاریی دیموکراسی هەنگاو بنێین. لەم رێگەیەدا بە بڕوای ئەوەی لەجیاتی دەوڵەت، بە کۆماری دیموکراسی، بە تێڕوانینی نەتەوەی دیموکراسی و بە هاوکێشەی کۆمەڵگەی دیموکراسی، ژن-ئازادیخواز و ژینگەناسی لە بونیادنانەوە سەرکەوتوو دەبین و رێگە دەبڕین.
 
ئەم هوشیارییە، بزووتنەوەکەمانی گەیاندووەتە نوێبوونەوەی ئایدۆلۆجی و سیاسی، شێوازی رێکخستن و بەجەماوەریبوون. هەروەها گەیاندوویەتییە بەرنامەیەکی سۆشیالیستی کە بتوانێت وەڵامی پێداویستییەکانی سەدە بداتەوە. پەیوەندیی سۆشیالیزمی دیموکراسی لەگەڵ دەوڵەتیش لە پرۆسەی چارەسەری و ئاشتی دا سەرلەنوێ شێوە وەردەگرێت. پەیوەندیم لەگەڵ دەوڵەت وەک پەیوەندییەکی بەدیموکراسی بوون پێناسە دەکەم. تێگەیشتنی کۆماری دیموکراسی ئەوە دەخوازێت کە دەوڵەت هێزێکی خودایی نەبێت لە سەرووی کۆمەڵگەوە، بەڵکو پێکهاتەیەک بێت کە لە چوارچێوەی گرێبەستی دیموکراسی دا لەگەڵ کۆمەڵگە کار بکات. بە ستراتیجیی سیاسەتی دیموکراسی دەکرێت گۆڕانکاری و وەرچەرخان لە دەوڵەتدا دروست بکرێت و کۆمەڵگە لەسەر بنەمای دیموکراسی بونیات بنرێتەوە.
 
تۆکمەکردنی ئەم ستراتیجییە بە یاسا، بنەمایەکی هەمیشەیی بۆ ئاشتی دروست دەکات. یاسا وەک میکانیزمێک کە هاوسەنگی دروست دەکات و زامنکاری پەیوەندیی دیموکراسییە لە نێوان دەوڵەت و کۆمەڵگە، ئامرازێکی چارەسەرییە کە رێگری لە تووندوتیژی دەکات. لە هەمان کاتدا رۆڵێک دەگرێتە ئەستۆ کە دامەزراندنی کۆماری دیموکراسی، رەوایی و بونیاتنانەوەی رێکوپێکی کۆمەڵایەتی بەدامەزراوەیی دەکات.
 
لەبەرئەوە، یەکێک لەو ئەرگیومێنتانەی وەک ستراتیجیی تێکۆشانی سەرەکی خستوومەتەڕوو، تێکەڵبوونەوەی دیموکراسیانە و چەمکی یاسا بووە لەمبارەیەوە. یاسای تێکەڵبوونەوەی دیموکراسی کە یاساکان تێیدا بە نۆرمە (پێوەر لەڕووی فەلسەفەوە) تاکەکەسی و جیهانییەکان و مافە بە کۆمەڵەکان سەرلەنوێ لە بەرژەوەندیی کۆمەڵگەدا دادەڕێژرێنەوە، دەبێت لەسەر سێ پرەنسیپی سەرەکی بوەستێت کە ئەوانیش بریتین لە؛ یاسای هاووڵاتیی ئازاد، یاسای ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی و یاساکانی ئازادی.
 
یاسای تێکەڵبوونەوەی دیموکراسییانە هاوکات دەوڵەت دەکاتە دەوڵەتی نۆرم و ئەو هەبوونەی کۆمەڵگەش بەدەستی هێناوە بەدامەزراوەیی دەکات؛ بە واتای بەدەستهێنانی ئازادییش دێت. ئەو پرۆسەیەی بە "بانگەوازی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی" دەستمپێکردووە، پرۆسەی دیالۆگە.
 
لە ناوچەیەکی وەک رۆژهەڵاتی نێوەڕاست دا کە پڕە لە ئاڵۆزیی پێکهاتەیی، ئایینی و ئایینزایی و، شتی وەها زۆرن کە لە رێگەی دیالۆگ و دانوستاندنی دیموکراسیانە بەدەستدەهێنرێن. تەنانەت بە گونجاوی دەبینم کە سۆشیالیزمێکی واتادار لەجیاتی تێگەیشتنێکی شۆڕشگێڕانەی پڕ تووندوتیژی، وەک سیستمی بونیاتنانی پۆزەتیڤ و هەبوون خۆی رێکبخات و ئەمەش بە شێوەی دیالۆگی دیموکراسی بکرێت. ئەستەمە باوەڕ بەوە بکرێت بەبێ پشتبەستن بە دیالۆگێکی دیموکراسیی بەرفراوان و قووڵ، سۆشیالیزم بونیات بنرێت، ئەگەر بونیاتیش بنرێت بەردەوام بێت. لینین دەیگوت "بەبێ دیموکراسییەکی بەرفراوان و پێشکەوتوو، سۆشیالیزم بونیات نانرێت".
 
بەو بیر و بڕوایەوە، جارێکی دیکە هیوای سەرکەوتن بۆ کۆبوونەوەکەمان دەخوازم و سڵاو و خۆشەویستیی هەڤاڵانەی نەبڕاوەی خۆمتان پێشکێش دەکەم.
 
26-05-2025،
عەبدوڵڵا ئۆجەلان،
دوورگەی ئیمراڵی