باکرهان: ئۆجەلان پێی گوتین خۆتان بە خاوەنی رۆژئاوای کوردستان بزانن
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکی پارتی دیموکراتی گەلان (دەم پارتی) لە کۆبوونەوەیەکی جەماوەریدا لە دیلۆک رایگەیاند، "ئۆجەلان بە هەسەدە دەڵێت: لەگەڵ دیمەشق دەست بە پرۆسەیەکی دیموکراسیی بکە. بە ئەنقەرەش دەڵێت: بەشدار مەبە لە پلانێک کە کورد لەنێو دەبات."
رێکخستنی دیلۆکی دەم پارتی، لە چوارچێوەی "کۆبوونەوەکانی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراسی"دا، کۆبوونەوەیەکی جەماوەریی فراوانی لە قەزای شاهینبەی رێکخست. تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی دەم پارتی، گوتارێکی پێشکێش کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەدا لە پێشهاتەکانی رۆژئاوای کوردستاندا یەکێتیی کوردان دەرکەوت. گوتی، "هەزاران جار سوپاس بۆ ئێوە کە بۆ رۆژئاوای کوردستان رژانە سەر شەقامەکان و ناڕەزایەتیی دیموکراسیی خۆتان دەربڕی. دووبارە نیشانماندا رۆژئاوای کوردستان بە تەنیا نییە. کورد لە رۆژئاوای کوردستان بەتەنیا نییە، با هەمووان پێش ئەوەی روو لەوێ بکەن، بیر بکەنەوە. رۆژئاوای کوردستان هی ژێردەستەکان و کوردانە، بۆیە با هەمووان بەوریاییەوە هەنگاو بنێن."
باکرهان هەروەها گوتی، "لە رۆژی یەکەمەوە بەڕێز ئۆجەلان بە هەسەدەی گوت 'لەگەڵ دیمەشق دەست بە پرۆسەیەکی دیموکراسیی بکە'. بە ئەنقەرەی گوت 'بەشدار مەبە لە پلانێک کە کورد لەناو دەبات'. پێشی گوتین 'خاوەندارێتی لە رۆژئاوای کوردستان بکەن'. ئەم هەڵوێستەی بەڕێز ئۆجەلان کۆتایی بە هێرشەکانی ئەوێ هێنا و رێککەوتنی 30ی کانوونی دووەمی مسۆگەر کرد."
ئەوەشی خستەڕوو کە رێککەوتنی 30ی کانوونی دووەم خۆبەدەستەوەدان نییە، بەڵکو ژیانی کوردی مسۆگەر کرد. کورد نەک تەنیا لە شارە کوردییەکان، بەڵکو لە سووریاش بۆ وڵاتێکی دیموکراسیی تێدەکۆشێت. ژنی کورد لەوێ بە شێوەیەکی سێکولار دەژیێت. کێ دەڵێت کورد خۆی بەدەستەوەداوە؟ درۆ دەکەن."
باکرهان جەختی لەوە کردەوە کە پرۆسەی چارەسەریی دەبێت بە سەرکەوتن بگات و گوتی، "با لێرە باسی پرۆسەی 27ی شوبات بکەین. با تەواوی سەرنجمان لەسەر ئەنقەرە بێت. با گفتوگۆ لەسەر ئەوە بکەین چۆن ئەم پرۆسەیە بە سەرکەوتن دەگەیێنین. لە تورکیا کێشەیەک هەیە بەناوی پرسی کورد، هەر بۆیەش ئەو مێزە دانرا، ئێمە لایەنگری ئاشتین. لە پرۆسەی چارەسەریدا پێویستە هەمووان بەشداری بکەن. بە سەرخستنی ئەم پرۆسەیە، زەمینەیەک دروست دەکەین هەمووان بە ئازیزانیان شاد ببنەوە."