دەم پارتی سەردانی لایەنە سیاسییەکانی تورکیا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
هاوسەرۆکانی دەم پارتی دەست بە سەردانکردنی پارتە سیاسییەکانی تورکیا دەکەنەوە.
2ـی ئاداری 2025، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی دەم پارتی سەبارەت بە بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبووەوە و بڕیاریدا دەست بە سەردانکردنی پارتە سیاسییەکانی تورکیا بکەنەوە.
لەو چوارچێوەیەدا شاندی دەم پارتی کە لە هاوسەرۆکانی پارتەکە و ژمارەیەک پەرلەمانتار پێکدێن، کاژێر 10:00ـی بەیانی رۆژی 10ـی ئادار لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتی رەنجدەران لە پەرلەمانی تورکیا کۆدەبنەوە و هەمان رۆژ کاژێر 13:00 سەردانی بارەگای سەرەکیی جەهەپە دەکەن و لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی ئەو پارتە کۆدەبنەوە.
شاندی هاوسەرۆکانی دەم پارتی کاژێر 11:00ـی رۆژی 12ـی ئادار لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتی کرێکاری تورکیا TİP لە پەرلەمانی تورکیا کۆدەبنەوە و دواتریش سەردان و کۆبوونەوەی دیکەیان دەبێت.
4ـی مانگ، سری سورەییا ئۆندەر، ئەندامی شاندی دەم پارتی رایگەیاند، داوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کردووە و چاوەڕێی وەڵامن.
1ـی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بە ئاراستەی پرسی کورد نرا و داوا لە دەم پارتی کرا دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکات.
شاندی دەم پارتی سێ جار سەردانی ئۆجەلانی لە ئیمرالی کردووە و لەسەر زاری خۆیەوە پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی راگەیاند.
رێبەری زیندانیکراوەی پەکەکە پەیامێکی بە شاندی دەم پارتیدا ناردە دەرەوەی زیندان و ئەوانیش لە 27ی شوبات پەیامەکەیان خوێندەوە.
ئۆجەلان داوای کرد، پەکەکە چەک دابنێ و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.