تورکیا: لە پشتیوانیکردنی گەل و حکومەتی سووریا بەردەوام دەبین

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دەڵێت، حکومەتی وڵاتەکەی لە پشتیوانیکردنی گەل و حکومەتی سووریا بەردەوام دەبێت.
 
ئەمڕۆ هەینی 7ی ئاداری 2025 ئۆنجو کەچەلی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی ئاڵۆزییەکانی شەوی رابردووی لازقیە گوتی، "نابێت رێگە بدرێت ئەو جۆرە کارانە ببنە هەڕەشە بۆسەر ئارامیی سووریا و ناوچەکەمان."
 
کەچەلی رایگەیاند، "لە دۆخی ئێستادا گرژیی لازقیە و دەوروبەری و بەئامانجگرتنی هێزە ئەمنییەکان، زیان بەو هەوڵانە دەگەیێنێت کە لە بەرژەوەندیی سووریادا دەدرێن."
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ئاماژەی بەوەش کردووە، "دژی هەر جۆرە کردەیەکین مافی سوورییەکان لە ئاشتی و خۆشگوزەرانی دەکاتە ئامانج. تورکیا لە پشتیوانیکردنی گەل و حکومەتی سووریا بەردەوام دەبێت."
 
ئێوارەی دوێنێ تاوەکو بەرەبەیانی ئەمڕۆ، لە بەشێک لە شار و شارۆچکەکانی رۆژئاوای سووریا شەڕ و رووبەڕووبوونەوەی تووند لەنێوان سوپای سووریا و گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە بەشار ئەسەد روویدا، لە ئەنجامدا دەیان کەس کوژران.