قوتابییەکی عێراقی لە ئیستەنبووڵ بە چەک هێرشی کردە سەر بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی
رووداو دیجیتاڵ
قوتابییەکی قۆناخی ئامادەیی قوتابخانەی ئەنادۆڵ لە ناوچەی ئەیوب سوڵتان لە ئیستەنبووڵ، بە چەک هێرشی کردە سەر بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی و دەستڕێژی گولـلەی لێکرد، دواتریش هەڵات.
بەڕێوەبەری قوتابخانەکە بە سەختی بریندار بووە و هێرشکەرەکەش بەر لەوەی پۆلیس بگاتە شوێنی رووداوەکە، لە شوێنەکە هەڵاتووە. تیمەکانی فریاکەوتنی تەندروستی بەڕێوەبەرەکەیان گەیاندووەتە نەخۆشخانە.
لەدوای رووداوەکە، پۆلیسی ئیستەنبووڵ دەستی بە لێکۆڵینەوەکانی کردووە بۆ زانینی هۆکاری هێرشکردنەکە، دۆزینەوە و دەستگیرکردنی قوتابییەکە.
بەپێی ئەو زانیارییانەی لەسەر رووداوەکە بڵاوکراونەتەوە، هێرشەکە کاژێر 10:00ی بەیانی روویداوە. ئەو کەسەی هێرشەکەی کردووە خەڵکی عێراقە و ناوی (ی. ک)ە.
بەدواداچوونەکانی پۆلیس گەیشتوونەتە ئەوەی، قوتابییەکە لە مانگی 12ی پار تووشی کۆمەڵێک کێشە بووە لەگەڵ ئیبراهیم ئۆکتوگان، بەڕێوەبەری قوتابخانەکەی، دواتریش بە بڕیاری قوتابخانە لە خوێندن دەرکراوە و لە وەرزی خوێندنی 2023 - 2024 بێبەش کراوە.