پار 6 هەزار و 352 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە
رووداو دیجیتاڵ
پار 6 هەزار و 352 کەس لە باکووری کوردستان و تورکیا بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و 385 هەزار و 117 کەسی دیکە بریندار بوون.
رۆژی چوارشەممە 7ـی ئایاری 2025، دەستەی ئاماری تورکیا، ئاماری رووداوەکانی هاتووچۆی ساڵی 2024 بڵاوکردەوە و رایگەیاند، یەک ملیۆن و 444 هەزار و 27 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە کە یەک ملیۆن و 177 هەزار و 172 رووداویان زیانیان هەبووە.
دەستەی ئاماری تورکیا دەڵێت، 2 هەزار و 713 کەس دەستبەجێ لە کاتی رووداوەکان و 3 هەزار و 639 کەسیش دوای گەیاندنیان بۆ نەخۆشخانە گیانیان لەدەستداوە، واتە لە کۆی رووداوەکانی هاتووچۆدا 6 هەزار و 352 کەس گیانیان لەدەستداوە و 385 هەزار و 117 کەسیش بریندار بوون.
بەپێی ئامارەکە، 85.5٪ـی رووداوەکان لەنێو شار و شارۆچکەکان و 14.5٪ـی رووداوەکانیش لە دەرەوەی شار و شارۆچکەکان بوون.
دەستەی ئاماری تورکیا دەڵێت، ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان لە ساڵی 2023دا 28.7 ملیۆن ئۆتۆمبێل بووە، لە ساڵی 2024دا ژمارەکە گەیشتووەتە 31.3 ملیۆن ئۆتۆمبێل. سەرەڕای زیادبوونی ژمارەی ئۆتۆمبێلەکان، گیانلەدەستدان لە هەر 100 هەزار ئۆتۆمبێل لە ساڵی 2023دا 22.8٪ بووە، بەڵام لە ساڵی 2024دا بۆ 20.3٪ کەمیکردووە.
دەستەی ئاماری تورکیا ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات، لە 10 ساڵدا 62 هەزار و 762 کەس لە رووداوەکانی هاتووچۆدا گیانیان لەدەستداوە و زیاتر لە سێ ملیۆن کەسی دیکەش برینداربوون.