رێکخراوێکی نەرویجی: پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان بە ئەنقەست بەلەمی کۆچبەرانیان تێکشکاندووە
رووداو دیجیتاڵ
دەسەڵاتدارانی تورکیا رایانگەیاند، لە ئەنجامی وەرگەڕان و تێکچوونی بەلەمێکی کۆچبەران لە دەریای ئیجە، کەسێک گیانی لەدەستداوە و 43 کەسی دیکەش رزگار کراون؛ هاوکات رێکخراوێکی نێودەوڵەتی، پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان تۆمەتبار دەکات بەوەی ژیانی ئەو کۆچبەرانەی خستووەتە مەترسییەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 7ی ئایاری 2026، پاسەوانی کەناراوەکانی تورکیا رایگەیاند، بەلەمی کۆچبەرەکان رۆژی چوارشەممە لە دووری 30 کیلۆمەتر لە دوورگەی لێسبۆسی یۆنانی "بەشێکی نوقمی ئاو بووە". تیمەکانی تورکیا توانییان 43 کەس رزگار بکەن، کە چواریان لە ناو ئاوەکەدا بوون.
بەپێی راگەیێندراوی تورکیا، لەم رووداوەدا تەرمی کۆچبەرێک دۆزراوەتەوە و کەسێکیش بە گومانی قاچاخچێتی دەستگیرکراوە.
رێکخراوی نەرویجی (Aegean Boat Report)، کە چاودێریی دۆخی کۆچبەران لە دەریای ئیجە دەکات، رایگەیاند، پەیوەندییەکی بەپەلیان لە کۆچبەرانی سەر بەلەمەکە پێگەیشتووە و تێیدا پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنانیان تۆمەتبار کردووە بەوەی بە تووندوتیژی و بە زۆرەملێ ئەوانیان بەرەو ئاوەکانی تورکیا گەڕاندووەتەوە.
رێکخراوەکە لە راگەیێندراوێکدا گوتی: "رزگاربووەکان پێیانگوتین کە پاسەوانی کەناراوەکانی یۆنان هێرشیان کردووەتە سەریان، بزوێنەری بەلەمەکەیان تێکشکاندووە و زیانیان بە بەلەمەکە گەیاندووە، دواتریش بە بێدەسەڵاتی لە ناو دەریا جێیان هێشتوون لە کاتێکدا بەلەمەکە خەریک بوو پڕ دەبوو لە ئاو."
ئەم رێکخراوە پێشتریش چەندینجار یۆنانی بە گەڕاندنەوەی نایاسایی کۆچبەران تۆمەتبار کردووە، بەڵام ئەسینا هەمیشە ئەو تۆمەتانە رەتدەکاتەوە.
بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی نێودەوڵەتی بۆ کۆچ, سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئێستا لانیکەم هەزار و 209 کۆچبەر لە دەریای ناوەڕاستدا خنکاون یان بێسەروشوێن بوون، ئەمەش گوشارێکی زۆری خستووەتە سەر وڵاتانی ئەورووپا بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ قەیرانی کۆچ.