بانگەوازێک لە هوداپار بۆ پەرلەمانی تورکیا: با بۆ ئەوانەی چەک دادەنێن یاسایەک دەربکەین


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی پارتی دۆزی ئازاد (هوداپار)، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە پەرلەمانی تورکیا، هەڵسەنگاندنێکی وردی لەبارەی پرسی تووندوتیژی و چارەسەری پرسی کورد کرد. بانگەوازی لە پەرلەمان کرد بۆ رێککەوتنێکی بەرفراوان لەپێناو دەرکردنی یاسایەک بۆ ئەوانەی چەک دادەنێن.
 
رۆژی پێنجشەممە، 7ـی ئایاری 2026، زەکەریا یاپیجیئۆغڵو لە پەرلەمانی تورکیا کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەگەڵ میدیاکاران و رۆژنامەڤانانی وڵاتەکەی رێکخست. مژاری سەرەکیی قسە و هەڵسەنگاندنەکانی تایبەت بوون بە پرۆسەی چارەسەری کە ساڵێک و نیوە بەردەوامە. باسی لەوە کرد، کێشەکانی تورکیا یەک رەهەندی نین و گوتی، پێویستە پرسی تووندوتیژی و پرسی کورد بە شێوەیەکی سەربەخۆ مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت.
 
یاپیجیئۆغڵو گوتی، "زیاتر لە 40 ساڵە کەشێکی تووندوتیژی بەردەوام هەیە. پێویستە ئەمە چارەسەر بکرێت. جگە لەوەش، پرسی کورد هەیە کە زیاتر لە سەدەیەکە بەردەوامە. ئەم دوو بابەتە نە هۆکاری یەکدین و نە ئەنجامی یەکدی." هەروەها رایگەیاند، چارەسەرکردنی هەردوو پرسەکە پێویستییەکی حەتمییە.
 
یاپیجیئۆغڵو، ئاماژەی بەوە کرد، لە پاشکۆی راپۆرتەکەیاندا کە پێشکێشی کۆمیسیۆنیان کردووە، رەشنووسی پرۆژەیاسایەکی 11 مادەیی هەیە و گوتی، پارتەکانی دیکە زیاتر دەستەواژەی گشتییان بەکارهێناوە.
 
یاپیجیئۆغڵو باسی لەوەش کرد، پێشنیازەکانیان لەگەڵ سەرۆککۆمار و پارتە سیاسییەکانی نێو پەرلەمان باسکردووە و گوتی، "بەشێکی گرنگی وەڵامەکان ئەرێنی بوون. زەمینەیەک دروست بووە کە بتوانرێت لەسەری گفتوگۆ بکرێت." راشیگەیاند، ئەو رێکخستنە یاساییەی پەیوەستە بەو کەسانەی کە وازهێنانیان لە چەک راگەیاندووە، دەبێت لەلایەن یەکە ئەمنییەکانەوە پشتڕاست بکرێتەوە.
 
لەو چوارچێوەیەدا، یاپیجیئۆغڵو پێشنیازی دامەزراندنی "دەستەی چاودێری و دەستنیشانکردن"ی کرد کە لە نوێنەرانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی (میت) پێکبێت و گوتی، دوای راپۆرتی دەستنیشانکردنی دەستەکە، سەرۆککۆمار دەتوانێت رێکخراوەکە (پەکەکە) بە "هەڵوەشاوە" رابگەیێنێت.
 
سەبارەت بە پرسی دەستووری نوێ باسی لەوە کرد کە تورکیا پێویستی بە دەستوورێکی نوێ هەیە و گوتی، دەستووری ئێستا شوێنەواری کودەتای پێوە دیارە. گوتی، "دەستوورێکی نوێ کە لەسەر بنەمای رێککەوتنی کۆمەڵایەتی بێت، بژاردە نییە، بەڵکو پێویستییەکی حەتمییە."
 
یاپیجیئۆغڵو، دژایەتیی خۆی بۆ دانانی قەییوم لەسەر شارەوانییەکان راگەیاند و گوتی، پێویستە لە شوێنی ئەوانەی بە هەڵبژاردن هاتوون، هەر کەسانی هەڵبژێردراو کار بکەن.
 
گوتیشی، "بنەما ئەوەیە دادگاییکردن بەبێ گرتن بێت. نابێت هیچ کەسێک بەهۆی ناسنامەی سیاسییەوە دادگایی بکرێت، بەڵام نابێت هیچ کەسێکیش خۆی لە پشت ئەو ناسنامەیەوە بشارێتەوە."
 
یاپیجیئۆغڵو، جەختی لەوە کردەوە، کورد یەکێکە لە پێکهاتە سەرەکییەکانی دامەزرێنەری کۆمار و رایگەیاند، هاوڕا نییە لەگەڵ ئەو نیگەرانیانەی لەبارەی خوێندن بە زمانی دایک هەن. گوتی، "جیاوازییەکان دابەشمان ناکەن."
 
یاپیجیئۆغڵو، ئاماژەی بە ئەگەری هەڵبژاردنی پێشوەختەش کرد و گوتی، لە ساڵی 2026 چاوەڕێی هەڵبژاردن ناکات، بەڵام لە پاییزی 2027دا رەنگە سندووقی دەنگدان دابنرێت.
 
سەبارەت بە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆماریش رایگەیاند، هێشتا هیچ بەربژێرێکیان دیاری نەکردووە.