ئاکپارتی و مەهەپە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: نابێت هەوڵەکان بەهەدەر بدرێن

 
رووداو دیجیتاڵ

پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) بۆ جەژنەپیرۆزە سەردانی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)ی کرد. هەردوولا پێیانوایە، نابێت ئەو هەوڵانەی بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری نراون، بەهەدەر بدرێن.
 
ئەمڕۆ شەممە 7ی حوزەیرانی 2025 شاندێکی ئاکپارتی بە سەرۆکایەتیی کەرەم عەلی سورەکلی، یاریدەدەری سەرۆکی دۆسیەی پەیوەندییەکانی خەڵک و کۆمەڵگەی سڤیلی پارتەکە سەردانی مەهەپەی کرد و لەلایەن زوهال تۆپچو، یاریدەدەری سەرۆکی پارتەکە و بەشێک لە ئەندامانی ئەو پارتە پێشوازییان لێکرا.
 
سورەکلی رۆڵی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا و دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپەی لە پرۆسەی چارەسەری بە "گرنگ" ناوبرد، باسی لەوەش کرد، دەبێت پارتە سیاسییەکانی دیکەی تورکیا "بەرپرسیارێتی" لەئەستۆ بگرن.
 
ئەو بەرپرسەی ئاکپارتی جەختی لەوە کردەوە، بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، دەبێت بەرەی نێوخۆ لە تورکیا بەهێز بکرێت. گوتیشی، "بە هیواین پرۆسەی برایەتی پتەوتر بێت و بەردەوام بێت، بۆئەوەی تاهەتایی ئەم کێشەیەی وڵاتمان چارەسەر بێت."
 
هاوکات زوهال تۆپچو، یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە رایگەیاند، بڕیارەکانی کۆنگرەی پەکەکە پرۆسەکەی بردووەتە قۆناخێکی نوێ، "پشتیوان بە خودا، ئەم هاوینە چەکەکان رادەست دەکرێن."
 
ئەو گوتەیەی یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە لەکاتێکدایە، نوعمان کورتولمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رۆژی 19ی ئایاری 2025 لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، "هیوادارن بەر لە تەواوبوونی ئەم وەرزی هاوینە، چەکەکان دابنرێن."
 
تۆپچو پەرلەمانی بە شوێنی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ناوبرد و باسی لەوەش کرد، نابێت پرۆسەکە بۆ هیچ مەبەستێکی کەسی یان حیزبی بەکاربهێندرێت.
 
یاریدەدەری سەرۆکی مەهەپە پێیوایە، نابێت ئەو هەوڵانەی تاوەکو ئێستا بۆ پرۆسەی چارەسەری نراون، بەهەدەر ببرێن؛ جەختیشی لەوە کردەوە، "ئەم پرۆسەیە یان سەردەکەوێت، یان هەر سەردەکەوێت، رێگەیەکی دیکەی نییە."
 
ئەو سەردانەی ئاکپارتی بۆ لای مەهەپە لەکاتێکدایە، هەر ئەمڕۆ شاندێکی مەهەپەیش بۆ جەژنەپیرۆزە سەردانی ئاکپارتی کرد.
 
لە 1ی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
 
شاندی ئیمرالیی دەم پارتی بۆ ئەم مەبەستە تاوەکو ئێستا پێنج جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کردووە و پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی راگەیاندووە.
 
ئۆجەلان 27ی شوباتی ئەم ساڵ، داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
رۆژی 12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.