پەروین بوڵدان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری: باوەڕمان پێی هەیە چونکە ئۆجەلان-ی تێدایە

رووداو دیجیتاڵ

ئەندامی شاندی ئیمرالیی دەم پارتی، لەبارەی پرۆسەی چارەسەر رایگەیاند، کەمێکی دیکە ئارام بگرن، پێویستمان بە کاتە. دەشڵێت، باوەڕیان بە پرۆسەکە هەیە، چونکە "لەم پرۆسەیەدا بەڕێز ئۆجەلان هەیە و ئێمەش متمانەمان پێیەتی."
 
ئەمڕۆ شەممە 7ـی حوزەیرانی 2025، پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری بازنەی وان و ئەندامی شاندی ئیمرالیی دەم پارتی، لە دووەمین رۆژی جەژنی قورباندا سەردانی پارێزگای وانی کرد. لەگەڵ ژمارەیەک ئەندام و لایەنگرانی دەم پارتی جەژنەپیرۆزەی کرد و لەبارەی پرۆسەی چارەسەریی گوتارێکی پێشکێش کردن. 
 
پەروین بوڵدان رایگەیاند، دەستیان بە پرۆسەیەکی نوێ کردووە کە هەمووان تێیدان و بە ئومێدێکی گەورەوە پێشوازییان لێکردووە. بانگەوازی ئۆجەلان لەلای ملیۆنان کەس جۆش و خرۆش و ئومێدێکی گەورەی دروستکرد. 
 
بوڵدان رایگەیاند، لە هەموو دیدارێکیان لەگەڵ ئۆجەلان، ئاماژەی بەوە کردووە کە لەم پرۆسەیەدا بە ئومێد و جۆش و خرۆشێکی گەورەوە سەردەکەون. گوتی: "بەڕێز ئۆجەلان هۆشداری پێداین ئەم ئاشتییە، ئاشتییەکی شکۆمەندانە دەبێت. بۆیە ئەو شتانەی دەبێت لە کۆتاییدا ئەنجام بدرێن، مەیانهێننە سەرەتا". راشیگەیاند، بۆیە با گەلەکەمان دڵنیا بێت. ئەگەر ئاشتییەکی شکۆمەندانە نەبێت، ئەوا ئەم ئاشتییە نابێت. 
 
پەرلەمانتارەکەی دەم پارتی گوتیشی، "ئێمە لە دەروازەی قۆناخێکی نوێداین تێیدا گەلی کورد لە پێش هەمووان دێت. باوەڕمان بەم پرۆسەیە هەیە و متمانەمان پێیەتی، چونکە لەم پرۆسەیەدا بەڕێز ئۆجەلان هەیە و ئێمەش متمانەمان پێیەتی."
 
پەروین بوڵدان ئاماژەی بەوەدا، زۆرترین شت پێویستیان پێی بێت، پرۆسەی برایەتی و ئازادییەیە و گوتی: "زۆر پرسیارمان لێ دەکرێت، بۆچی هەنگاوەکان نانرێن؟ بۆچی پاکێجی دادوەری ئێمە ناگرێتەوە؟ لە وەڵامی هەموو پرسیارەکاندا، داوا لە گەلەکەمان دەکەین کەمێکی دیکە ئارام بگرن، کەمێکی دیکە پێویستیمان بە کاتە. وەک بەڕێز ئۆجەلان ئاماژەی پێداوە؛ یەکێک لە پێویستییەکانی ئەم پرۆسەیە ئەوەیە کە ئەو شتانەی دەبێت لە کۆتاییدا بکرێن، لە سەرەتاوە باسیان نەکەیت و ئەنجامیان نەدەیت، بەڵام هەموو ئەوەی گەلەکەمان دەیەوێت، دێتە دی و با هیچ کەسێک گومانی لەوە نەبێت."
 
راشیگەیاند، "دەمانەوێت بەتایبەتی ئەوە بخەینەڕوو قۆناخێک زۆر نزیکە کە تێیدا هەلومەرجی ئازادی کارکردن بۆ بەڕێز ئۆجەلان فەراهەم دەکرێت، هەموو هەڤاڵانمان بە ئازادیی خۆیان شاد دەبنەوە و گەلی کورد بە ئازادی بە زمانەکەی بدوێت و ناسنامە و کولتووری خۆی دەرببڕێت. لەم پرۆسەیەدا بەرپرسیارێتیی گەورە دەکەوێتە ئەستۆی هەموومان. جێبەجێکردنی ئەم ئەرک و بەرپرسیارێتییانە دەبێت کاری لەپێشینەی هەمووان بێت."
 
لە یەکی تشرینی یەکەمی پار، هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
 
12ـی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.