فەخرەدین ئاڵتوون لەبارەی هۆکاری مردنی 8 سەربازی تورکیا روونکردنەوە دەدات

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی سەر بە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا، هۆکاری راستەقینەی مردنی 8 سەربازی وڵاتەکەی لە ئەشکەوتێکی باشووری کوردستان بڵاودەکاتەوە؛ داوا لە هاووڵاتییانی وڵاتەکەی دەکات جگە لە زانیاری و راگەیێندراوە فەرمییەکان، بە هیچ شێوەیەک بایەخ بە هەواڵی دیکە نەدەن.
 
نیوەشەوی رابردوو 6ی تەممووزی 2025 دوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی مردنی 5 سەرباز کە دواتر وەزارەتی بەرگریی تورکیا رایگەیاند، ژمارەکە بۆ 8 سەرباز بەرزبووەتەوە؛ فەخرەدین ئاڵتوون، سەرۆکی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی تورکیا روونکردنەوەیەکی لەبارەی هۆکاری مردنی سەربازەکان بڵاوکردەوە.
 
ئاڵتوون رایگەیاند، ئەشکەوتەکە پێشتر وەکو بنکەیەکی تەندروستی لەلایەن پەکەکەوە بەکارهاتووە، "بەپێی زانیارییەکانمان، ئەو گازە دەردراوەی میسان کە لە ئەشکەوتەکەدا بووە، بەهۆی کەڵەکەبوونی سرووشتییەوە بووە و دەمێکە لەنێو ئەشکەوتەکەدا قەتیس بووە."
 
ئەو بەرپرسەی سەربە سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا باسی لەوەش کرد، لەو کاتەی 19 سەربازەکەی تورکیا چوونە نێو قووڵایی ئەشکەوتەکە، هەست بە کاریگەریی بەهێزی گازەکە کراوە و لەکاتی پاشەکشەکردن و هەوڵی دەرچووندا، بەهۆی گازەکەوە زۆر ژەهراوی بوون، سەرباری هەوڵەکان لەلایەن تیمی تەندروستیی سەربازییەوە، گیانیان لەدەستدا. جەختی لەوەش کردەوە، سەربازەکانی دیکەش لە نەخۆشخانەیەکی تایبەت لە تورکیا چارەسەر وەردەگرن.
 
فەخرەدین ئاڵتوون داوا لە هاووڵاتییانی تورکیا دەکات، لەم دۆخە هەستیارەدا گوێ بە هیچ جۆرە پڕوپاگەندە و هەواڵێکی ناڕاست نەدەن، بۆئەوەی رووداوەکە بە شێوەیەکی دیکە بەلاڕێدا نەچێت. دەشڵێت، جگە لە زانیاری و هەواڵە دروستەکانی لایەنە فەرمییەکان، گوێ بە هیچ هەواڵێکی دیکە نەدەن.
 
وەزارەتی بەرگریی تورکیا لە نوێترین راگەیێندراویدا ئاشکرای کرد، ژمارەی ئەو سەربازانەی لە ئەشکەوتێکی باشووری کوردستاندا بەهۆی گازی میسانەوە مردن، بۆ 8 سەرباز بەرزبووەوە.
 
بەرەبەیانی رۆژی 18ی نیسانی 2022 تورکیا لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان ئۆپەراسیۆنێکی بەناوی "چنگ- قوفڵ" بۆ سەر پێگەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەستیپێکرد و شەڕ و پێکدادانی زۆر لە نێوانیاندا روویدا.