شاندی ئیمرالی لەگەڵ وەزیری دادی تورکیا کۆدەبێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ 

نووسینگەی راگەیاندنی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) رایگەیاند، سبەی شاندی ئیمرالیی پارتەکە لەگەڵ وەزیری دادی تورکیا کۆدەبێتەوە.
 
نووسینگەی راگەیاندنی دەم پارتی رۆژی دووشەممە، 7ی تەممووزی 2025 رایگەیاند، کاژێر 01:30ی دوانیوەڕۆی سبەی سێشەممە، شاندی ئیمرالی کە لە پەروین بوڵدان، بریکاری سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا و میتحەت سانجار، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی رووها پێکدێت، لەگەڵ یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا کۆدەبێتەوە.
 
ئەوە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ دووشەممە، شاندەکەی ئیمرالی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە کۆشکی کۆماری لە ئەنقەرە کۆبوونەوە و دوایین پێشهاتەکانیان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری تاوتوێ کرد.
 
دوایینجار رۆژی سێشەممە، 24ی حوزەیرانی ئەم ساڵ، شاندێکی دەم پارتی بە سەرۆکایەتیی گوڵستان کڵچ کۆچیغیت و سەزایی تەمەللی، بریکارانی هاوسەرۆکی پارتەکە بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەبارەی پرۆسەکە، لەگەڵ وەزیری دادی تورکیا کۆبوونەوە.
 
ئەو کۆبوونەوانەی دەم پارتی لە کاتێکدایە، لە 1ی تشرینی یەکەمی پاردا هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن دەسەڵاتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" و لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەهێندرێت.
 
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
 
12ی ئایاری 2025، پەکەکە ئەنجامی کۆنگرەی 12ـی خۆی راگەیاند کە لە 5-7ـی ئایار بەڕێوەچووبوو. پەکەکە بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
 
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی لە دوو سەرچاوەی ئاگادار لە هەرێمی کوردستان دەست رووداو کەوتوون، گرووپێکی گەریلاکانی پەکەکە لە چەند رۆژی داهاتوو، لە رێوڕەسمێکدا لە سنووری پارێزگای سلێمانی بە ئامادەبوونی میدیاکان بەشێوەیەکی سیمبوولی چەکەکانیان دادەنێن.