فاتیح ئەربەکان: ئەگەر پەرلەمانتاران بنێردرێنە ئیمراڵی، لە لیژنەکە دەکشێینەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ، هۆشداری دەدات لەوەی ئەگەر ئەندامانی لیژنەی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی، بۆ دیداری ئۆجەلان بنێرێتە ئیمراڵی، ئەوا پارتەکەی لە لیژنەکە دەکشێتەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 7ـی ئەیلوولی 2025، فاتیح ئەربەکان، سەرۆکی پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ، لە کۆبوونەوەی سەرۆکی لقی رێکخستنەکانی پارتەکەیدا گوتارێکی پێشکێش کرد.
فاتیح ئەربەکان بەشێکی گوتارەکەی بۆ چالاکییەکانی لیژنە پەرلەمانییەکە تەرخان کرد کە بۆ پرۆسەی چارەسەری لە مانگی ئابدا پێکهێندرا. رایگەیاند، "بەهیچ شێوەیەک قبوڵی ناکەین ئەو لیژنەیەی لە پەرلەمان دامەزراوە، شاندێک پێکبهێنێت و رەوانەی ئیمراڵیی بکات. ئەگەر کەسێک هەبێت لەگەڵ ئیمراڵی قسە بکات، ئەوە دەزگای هەواڵگریی نیشتمانی (میت)ـە، دەوڵەت خۆی قسەی لەگەڵ دەکات."
سەرۆکی پارتی رەفاهی نوێ گوتیشی، "پەرلەمانتارانی دەم پارتیش خۆیان دەچن و دێن و قسەی لەگەڵ دەکەن. ئەگەر شتێک هەبێت بیڵێن، با لە رێگەی ئەوانەوە بیڵێن. ئێمە بە کارێکی باشی نابینین ئەو پەرلەمانتارانەی بە ئیرادەی گەل هەڵبژێردراون، بچنە بەردەمی ئیمراڵی. ئەگەر شتێکی وا رووبدات، پرسی کشانەوە لە لیژنەکە دەخەینە رۆژەڤی خۆمانەوە."
رۆژی 6ـی ئەیلوولی 2025، پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە) لە رێگەی فەتی یڵدز، یاریدەدەری سەرۆکی پارتەکە پێشنیازی کرد، 3-4 ئەندامی لیژنە پەرلەمانییەکە لە چەند رۆژی داهاتوودا بۆ گوێگرتن لە عەبدوڵڵا ئۆجەلان، سەردانی دوورگەی ئیمراڵی بکەن.
پڕۆسەی نوێی چارەسەری لە 1ـی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی دەستیپێکرد، دواتر عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پەکەکە کرد کۆنگرە ببەستێ و چەک دابنێت. پەکەکەش لە ئایاری ئەم ساڵدا بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا. رۆژی 11ـی تەممووزی ئەم ساڵ 30 گەریلای پەکەکە بەشێوەیەکی سیمبوولی چەکەکانیان لە سنووری پارێزگای سلێمانی سووتاند.