ئیبراهیم کاڵن: كاری نێوان توركیا و رووسیا و سووریا ده‌رئەنجامی نایابی ده‌بێت
رووداو دیجیتاڵ
گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری توركیا رایگەیاند، كاری نێوان توركیا، رووسیا و سووریا لە هەموو روویەکەوە "ده‌رئەنجامی نایاب"ـی ده‌بێت.
ئیبراهیم کاڵن، گوتەبێژی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا دوای "دیداری خوێندکارانی خوێندنی باڵا" لە کەمپی هاڵکالی زانکۆی سەباحەددین زایم لە ئیستەنبووڵ، لە وەڵامی رۆژنامەڤانان سەبارەت بە كۆبوونه‌وه‌كانیان لەگەڵ حکومەتی سووریا رایگه‌یاند: "ئێمە ئەم کارە بۆ بەرژەوەندیی وڵاتەکەمان و له‌پێناو پاراستنی گه‌ل و بەرژەوەندی و مافی گەلی سووریا دەکەین".
رۆژی 28ی کانوونی یه‌كه‌می 2022، خولوسی ئاکار، وه‌زیری به‌رگریی توركیا و هاکان فیدان، سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگریی وڵاتەکە (میت) لەگەڵ هاوتا رووسی و سوورییه‌کانیان لە مۆسکۆ کۆبوونەوە، ئەمەش یەکەم کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگریی دوو وڵاتەکە بوو لە 11 ساڵی رابردوودا.
کالن لەبارەی کۆبوونەوەکەی مۆسکو گوتی: "ئەو کۆبوونەوەیە لە کەشێکی ئەرێنیدا بەڕێوەچوو. ئەو هەنگاوه به‌رجه‌ستانه‌ی ده‌هاوێژرێن، رێڕەوی له‌مه‌ودوای پرۆسەکە دیاریی ده‌كه‌ن. لە روانگەی ئێمەوە، ئاسایشی سنوورەکان، هاوێشتنی هەنگاوی به‌رجه‌سته دژی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە و درێژکراوەکانی وه‌ك پەیەدە و یەپەگە، گەڕانەوەی په‌نابه‌ران و پارێزگاریكردن له دهربهدهربووهكان له ناو خاكی سووریادا، هاوكات درێژەدان بە کارەکانی لیژنه‌ی نووسینه‌وه‌ی دەستوور لە ژێر ناونیشانی پرۆسەی ئاستانە، بڕگە سەرەکییه‌كانی کارنامەی ئێمه‌ن. له‌پێناو به‌ره‌وپێشچوون له‌وبوارانه‌دا، ئه‌م كۆبوونه‌وانه ئه‌نجامده‌درێن".
گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تیی كۆماری توركیا تیشكی خسته‌سه‌ر گرنگیی ئاسایشی گه‌لی سووریا و ناوچەکە و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، زیاتر به‌هێزكردنی هێڵێکی ئەمنی لەسه‌ر سنوور ئێجگار گرنگە بۆ تورکیا.
ئیبراهیم کاڵن ئاماژەی بە ئۆپەراسیۆنەکانیان بۆ سەر سووریا کرد و گوتی: "ئامانجمان لەم ئۆپەراسیۆنانە، دەستەبەرکردنی هه‌ریه‌ك له یەکپارچەیی خاکی سووریا و ئاسایشی سنووری تورکیا بوو، ئەگەر ئەو دەستێوەردانانە نەبووایە، ئەمڕۆ رێڕەوێکی تیرۆر کە لە سنووری عێراقەوە تاوەکو دەریای نێوەڕاست درێژ ده‌بووه‌وه و لەژێر کۆنترۆڵی پەکەکە/پەیەدە/یەپەگەدا ده‌بوو، لەوێ دادەمەزرا... رێگەمان نەدا رێڕەوی تیرۆر و دهوڵهتۆچكهیهك یان پێكهاته‌یه‌كی هاوشێوه له‌وێ دابمه‌زرێت".
کاڵن باسی له‌وه‌كرد، پەیامی تورکیا بۆ ئەمریکا ئێجگار روونە و گوتی: "ئێمه تاوەکو ئه‌مڕۆ لێبڕاوانە دژی هەموو جۆرەکانی تیرۆر شەڕمان کردووە. پێمان باشە هاوپەیمانەکانیشمان ئه‌م كاره بكه‌ن، بەڵام ئەگەر هاوپەیمانەکانمان هاوبەشی هەڵە هەڵبژێرن، وەك ئه‌وه‌ی ئەمریکا و پەیەدە، ئه‌وا تورکیا هیچ دوودڵ نابێت له گرتنه‌به‌ری هه‌نگاوی پێویست بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشەکانی و له‌ناوبردنی هەڕەشەی تیرۆریستی لەدژی".
کالن باسی هاوئاهەنگییەکانی نێوان تورکیا، سووریا و رووسیای کرد و گوتی: "ئەو کارانەی لە نێوان تورکیا و رووسیا و سووریا دەکرێن لە رووی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، پەنابەران، ئاسایشی سنوورەکان و به‌ره‌وپێشبردنی پرۆسەی سیاسی و لیژنه‌ی نووسینه‌وه‌ی دەستوور، ئەنجامی نایابی ده‌بێت".