ئەردۆغان دەڵێت مۆبایلەکان بوونەتە قومارخانە
رووداو دیجیتاڵ
دوای هۆشداریی سەرۆککۆماری تورکیا لەبارەی زیادبوونی قوماری ئەلیکترۆنی لە رێگەی مۆبایلەوە، سێ بانکی ئەو وڵاتە گۆڕانکارییان لە سیستمەکەیاندا کرد و ئەپلیکەیشنی تایبەت بە یاریی چانس (قومار)یان لادا.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا ناڕەزایی نیشاندا و جەختی لەسەر مەترسیی قوماری ئەلیکترۆنی کردەوە و گوتی: "شیرازەی خێزان لە مەترسیدایە. هەر تەلەفۆنیک قومارخانەیەکە بۆخۆی".
ئەمە وایکرد بانکەکانی وەقف، هاڵک و زراعەت بکەونە خۆیان و هەنگاو بنێن. ئەو سێ بانکە حکومییە ئەو بەشانەیان لە ئەپڵیکەیشنەکانی مۆبایل لابرد کە رێگەیان بە گواستنەوەی پارە بۆ ماڵپەڕەکانی یاریی چانس (قومار) دەدا.
ئاماژە بەوە دراوە، ئەو کەسانەی پارە بۆ ماڵپەڕەکانی یاریی چانس دەگوازنەوە، وەک "ئالوودەی قومار" هەژمار دەکرێن.
لەو چوارچێوەیەشدا نمرەی قەرزیان دادەبەزێندرێت و ئەگەری رەتکردنەوەی داواکارییەکانیان بۆ وەرگرتنی قەرز زیاد دەکات.
بانکە حکومییەکان دەستیان بەکار کرد
دوای ئەوەی ئەردۆغان جەختی کردەوە کە بەرەنگاربوونەوەی ئالوودەبوون بە قومار تەنیا بە هێزی ئاسایش ناکرێت، بەڵکو دەبێت میدیا، دامەزراوە داراییەکان و هەموو چینەکانی کۆمەڵگە بەرپرسیارێتی هەڵبگرن، بانکە حکومییەکان دەستیان بە رێکارەکان کرد.
خانەی "یارییەکانی چانس" لادرا
ئەم بڕیارە بۆ سنووردارکردنی دەستگەیشتن بەو ماڵپەڕانەی یاریی چانس دراوە. ئەم هەنگاوە لە چوارچێوەی "پلانی کار بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرەوی نایاسایی و قومار لە ژینگەی دیجیتاڵیدا" جێبەجێ دەکرێت.
بەگوێرەی ئەمەش، خانەی "یارییەکانی چانس" لە لیستی پارەدان و ئەپڵیکەیشنی مۆبایلی سێ بانکە حکومییەکەدا لادراوە.
پێشتر لە رێگەی ئەم خانەیەوە بەبێ سنوور پارە بۆ ئەو ماڵپەڕانە دەگوازرایەوە، بەڵام بە بڕیاری بانکە حکومییەکان ئەو بوارە کۆتایی پێهات. باس لەوەش دەکرێت کە ئەو خزمەتگوزارییە لە بانکە تایبەتەکاندا بە بڕی 15.75 لیرە وەک کرێی مامەڵە بەردەوامە، لە کاتێکدا کرێی گواستنەوەی پارە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە لەو بانکانەدا زۆر زیاترە.
نمرەی قەرزیان دادەبەزێنرێت
ئەو کەسانەی پارە بۆ ماڵپەڕەکانی یاریی چانس دەگوازنەوە، لەلایەن بانکەکانەوە وەک ئالوودەی قومار مامەڵەیان لەگەڵدا دەکرێت. نمرەی قەرزی ئەو کەسانە دادەبەزێنرێت و رێژەی رەتکردنەوەی داواکارییەکانیان بۆ وەرگرتنی قەرز زیاد دەبێت. هەروەها لەژێر ناوی "گومانی لۆژیکی"، مەبەستی بەکارهێنانی قەرزەکانیان وەک قومار هەژمار دەکرێت و دەخرێنە "لیستی رەش"ەوە.
تێچووەکەی 40 ملیار دۆلارە
بەگوێرەی توێژینەوەیەکی رێکخراوی مانگی سەوزی تورکیا، تێچووی ساڵانەی قومار بۆ سەر ئابووریی تورکیا گەیشتووەتە 40 ملیار دۆلار.
داتاکانی سەنتەری راوێژکاریی مانگی سەوز دەریدەخەن کە 34٪ی ئەو کەسانەی داوای هاوکارییان کردووە، بەهۆی ئالوودەبوون بە قومارەوە بووە.
هەروەها دەرکەوتووە 75٪ی ئەوانەی ئالوودەی قومارن، لە دەوروبەریشیاندا کەسانێک هەن کە قومار دەکەن.
تەمەنی مامناوەندی دەستپێکردنی قومار بە 21ساڵ پێوانە کراوە.
زۆرترین جۆری قوماریش کە دەکرێ، گرەوی وەرزشییە بە رێژەی 65٪ و دوای ئەویش یارییەکانی گازینۆ دێن.
هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە 86.5٪ی ئەو کەسانەی بەهۆی ئالوودەبوون بە قومارەوە سەردانی سەنتەری بەرەنگاربوونەوەی ئالوودەییان کردووە، ئاستی خوێندنیان لە ئامادەیی و سەرووتر بووە.