دەم پارتی و مەهەپە لەبارەی پرسی چارەسەری کۆدەبنەوە
رووداو دیجیتاڵ
بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری، هاوسەرۆکانی دەم پارتی دەست بە گەڕێکی دیکەی سەردانکردنی پارتە سیاسییەکانی تورکیا دەکەنەوە. مەهەپە بە ئەرێنی وەڵامی دەم پارتی داوەتەوە و رۆژی 17ـی مانگ کۆدەبنەوە.
رۆژی دووی ئاداری 2025، ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی دەم پارتی سەبارەت بە بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کۆبووەوە و بڕیاریدا دەست بە سەردانی پارتە سیاسییەکانی تورکیا بکەنەوە.
ناوەندی راگەیاندنی دەم پارتی، ئەمڕۆ شەممە 8ـی ئاداری 2025 رایانگەیاند، مەهەپە و پارتی سەرلەنوێ رەفاهـ وەڵامی داوای کۆبوونەوەی هاوسەرۆکانی دەم پارتی دایەوە. رۆژی 17ـی مانگ، هاوسەرۆکانی دەم پارتی و شاندە یاوەرەکەیان سەردانی هەردوو پارتەکە دەکەن.
تاوەکو ئێستا روون نییە، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، کە رۆژی 2ـی شوبات نەشتەرگەری دڵی بۆ کرا و ئێستا لە پشوودایە، بەشداری کۆبوونەوەی دەم پارتی دەکات یان ناکات؟ مەهەپەش لەمبارەیەوە روونکردنەوەی نەداوە.
هەر لەم چوارچێوەیەدا شاندی دەم پارتی کاژێر 10:00ـی بەیانی رۆژی 10ـی ئادار لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتی رەنجدەران لە پەرلەمانی تورکیا کۆدەبنەوە و هەمان رۆژ کاژێر 13:00 سەردانی بارەگای سەرەکیی جەهەپە دەکەن و لەگەڵ ئۆزگور ئۆزەل، سەرۆکی ئەو پارتە کۆدەبنەوە.
شاندی هاوسەرۆکانی دەم پارتی کاژێر 11:00ـی رۆژی 12ـی ئادار لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتی کرێکاری تورکیا (TİP) لە پەرلەمانی تورکیا کۆدەبنەوە.
رۆژی چواری مانگ، سری سورەییا ئۆندەر، ئەندامی شاندی دەم پارتی رایگەیاند، داوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کردووە و چاوەڕێی وەڵامن.
رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی ساڵی رابردوو، هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بە ئاراستەی پرسی کورد نرا و داوا لە دەم پارتی کرا دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکات.
شاندی دەم پارتی سێ جار سەردانی ئۆجەلانی لە ئیمراڵی کردووە و لەسەر زاری خۆیەوە پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی راگەیاند.
رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە پەیامێکی بە شاندی دەم پارتیدا ناردە دەرەوەی زیندان و ئەوانیش لە 27ـی شوبات پەیامەکەیان خوێندەوە. ئۆجەلان داوای کرد، پەکەکە چەک دابنێ و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.