تورکیا فڕۆکەی F-16 لە قوبرسی باکوور جێگیر دەکات
رووداو دیجیتاڵ
تورکیا فڕۆکەی F-16 لە قوبرسی باکوور جێگیر دەکات. بەڕێوەبەری دەستەی فڕۆکەوانیی مەدەنیی قوبرسی باکوور دەڵێت، ئەمڕۆ دووشەممە، 6 فڕۆکەی جەنگیی F-16 لە تورکیاوە دەگەنە شوێنەکە.
جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران لە رۆژی دەیەمدایە. هێرشەکان 12 وڵاتیان گرتوونەتەوە و تورکیاش پلانی هەیە، بۆ پاراستنی ئاسایشی قوبرسی باکوور هەنگاو بنێت.
ئاشکن مەشەلی، بەڕێوەبەری بەوەکالەتی دەستەی فڕۆکەوانیی مەدەنیی قوبرسی باکوور رایگەیاند، تورکیا رۆژی دووشەممە 9ـی ئادار، 6 فڕۆکەی جەنگیی F-16 دەنێرێتە قوبرسی باکوور.
مەشەلی گوتیشی، فڕۆکەکان بەمەبەستی ئەمنی دەنێردرێن.
سەرچاوەکان لە وەزارەتی بەرگریی تورکیا رۆژی 7ـی ئادار لە راگەیێندراوێکدا بڵاویانکردەوە، لە چوارچێوەی دوایین پێشهاتەکاندا و بە مەبەستی دابینکردنی ئاسایشی قوبرسی باکوور، جێگیرکردنی فڕۆکەی جەنگیی F-16 لە دوورگەکە هەڵسەنگاندنی بۆ دەکرێ.
قوبرسی باکوور، کە بە فەرمی بە کۆماری تورکیی قوبرسی باکوور (KKTC) ناسراوە، دەوڵەتێکی دیفاکتۆیە دوای ئەوەی تورکیا لە ساڵی 1974 لە ئۆپەراسیۆنێکدا کۆنترۆڵی کرد و دوورگەکەی بۆ دوو بەش دابەشکرد. ئەم دەوڵەتە تەنیا لەلایەن تورکیا و قەتەر دانپێدانراوە و هەموو وڵاتانی دیکە خاکەکەی بە بەشێک لە کۆماری قوبرس دادەنێن.
سنووری قوبرسی باکوور 30٪ی کۆی سنووری دوورگەی قوبرس پێکدەهێنێت، لە نیمچەدوورگەی کارپاز لە باکووری رۆژهەڵاتەوە دەستپێدەکات و تاوەکو کەنداوی گوزەلیورت و سەری کۆروچام لە رۆژئاوا درێژ دەبێتەوە.
ژمارەی دانیشتووانی ئەو ناوچەیە 402 هەزار و 836 کەسە.