دایکانی ئاشتی داوای بینینی ئۆجەلان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
شاندی دایکانی ئاشتی، کە بۆ کۆبوونەوەە لەگەڵ پارتە سیاسییەکاندا لە ئەنقەرەن، سەردانی وەزارەتی داد دەکەن و داواکارییەک بۆ بینینی عەبدوڵڵا ئۆجالان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) پێشکەشی وەزارەتەکە دەکەن.
دایکانی ئاشتی، کاژێر 11:00 ـی ئەمڕۆ هەینی هەشتی ئایاری 2026، لە بەردەم وەزارەتی داد، سەبارەت بە داواکارییەکانیان لەبارەی پرۆسەی چارەسەری کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانی ساز دەکەن. دواتر بۆ بینینی عەبدوڵڵا ئۆجەلان داواکاری پێشکێشی وەزارەت دەکەن.
شاندەکە لە کاژێر 12:00 ـدا سەردانی ناوەندی گشتیی پارتی گەلی کۆماری (جەهەپە)، لە کاژێر 14:00 ـدا سەردانی ناوەندی گشتیی پارتی ئایندە و لە کاژێر 15:30 خولەکدا سەردانی فراکسیۆنی پەرلەمانیی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) دەکەن.
شاندی دایکانی ئاشتی، رۆژی پێنجشەممە حەوتی ئایاری 2026، بەبۆنەی رۆژی جیهانی دایکانەوە بەمەبەستی "گەیاندنی پەیامی ئاشتی و برایەتی" لە ئەنقەرە، سەردانی هەریەک لە پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، پارتی ئایندە و پارتی سەعادەتیان کرد.
دایکانی ئاشتی، بزووتنەوەیەکی مەدەنی و مافناسیی ژنانە، کە لە ساڵی 1996 لە تورکیا و باکووری کوردستان دامەزراوە. ئەم گرووپە زۆربەیان لەو دایکانە پێکهاتوون کە منداڵەکانیان لە شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکەدا گیانیان لەدەستداوە، بێسەروشوێن بوون، یان لە زیندانەکاندان.
داواکاری و ئامانجی سەرەکی ئەم بزووتنەوەیە، بریتین لە کۆتاییهێنان بە شەڕی چەکداری و چارەسەرکردنی پرسی کورد بە رێگەی دیالۆگ، فەرمیکردنی زمانی کوردی وەک زمانی پەروەردە و خوێندن، ئازادکردنی زیندانیانی سیاسی و باشترکردنی دۆخی زیندانەکان و ئاشکراکردنی چارەنووسی ئەو کەسانەی لە ساڵانی نەوەدەکاندا بێسەروشوێن کراون.