ئەردۆغان پرۆسەی چارەسەری بە پرۆسەی بەهێزکردنی قەڵای نێوخۆیی تورکیا ناودەبات

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆککۆماری تورکیا، پرۆسەی چارەسەریی پرسی کورد وەک پرۆسەی بەهێزکردنی یەکڕیزی و نێوخۆیی تورکیا ناودەبات و دەڵێت، هیچ گەڕانەوەیەک بۆ دواوە نییە.
 
رۆژی هەینی، 8ی ئایاری 2026، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا بەشداریی لە پێشانگای نێودەوڵەتیی بەرگری، فڕۆکەوانی و پیشەسازی بۆشایی ئاسمانی ساها 2026 لە شاری ئەستەنبووڵ کرد و لەوێ گوتەیەکی پێشکێش کرد.
 
ئەردۆغان پرۆسەی چارەسەری، کە لای بەرپرسانی ئەو وڵاتە بە پرۆسەی (تورکیای بێ تیرۆر) ناسراوە، بە ئامرازی بەهێزکردنی یەکڕیزیی نێوخۆیی تورکیا ناوبرد و گوتی، "پرۆسەی تورکیای بێ تیرۆر ئەمڕۆ ستراتیژیترین هەنگاوە بۆ بەهێزکردنی قەڵای نێوخۆیی. پرۆسەکە مانگی 18یەمی خۆی تەواو کردووە و ئامانج لێی ناوچەیەکی بێ تیرۆرە."
 
ئەردۆغان ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەو پرۆسەیە نەک تەنیا لە بەرژەوەندیی تورکیایە، بەڵکو لە بەرژەوەندیی وڵاتانی دراوسێشە، " تورکیای بێ تیرۆر ناوی دیدگایەکی گەورەیە کە ئامانجی بنیاتنانی ئایندەیەکە کە ئاشتی تێیدا زاڵ بێت بە بەهێزکردنی تورکیا و وڵاتانی دراوسێشەوە."
 
ئەردۆغان باسی لەوە کرد، لە پرۆسەکەدا گەڕانەوە بۆ دواوە نییە، "تورکیایەکی بێ تیرۆر قەڵایەکی بەهێزە دژی دابەشبوونی ناوچەکەمان. ناوەندی فیکری و سیاسیی ئەم قەڵایە، بێگومان هاوپەیمانیی گەلە. دوای نیو سەدە تێکۆشان، دەوڵەت و نەتەوەی تورکیا ویستی خۆیان بۆ دوورکەوتنەوە لە تیرۆر نیشان دا، هەڵوێستێکی زۆر روونیان نیشانداوە. لە دڵی ئەم ویستەدا یادەوەریی پیرۆزی ئەو قارەمانانە هەیە کە گیانی خۆیان بەخت کرد لە پێناو نیشتمان و نەتەوەکەیان. بۆیە هیچ گەڕانەوەیەک بۆ دواوە نییە و نابێت."
 
پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد رۆژی 1ی تشرینی یەکەمی 2024 بە بانگەوازێکی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە بۆ عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەستیپێکرد. دواتر لە 27ی شوباتی 2025، ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد چەک دابنێ و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە. رۆژی 12ی ئایاری 2025، پەکەکە بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
 
لە 11ـی تەممووزی 2025 دا گرووپێک لە گەریلاکانی پەکەکە لە هەرێمی کوردستان بە شێوەی سیمبوولی چەکیان سووتاند. دوتر (کۆمیسیۆنی پاڵپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی) لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندرا و لە 5ی ئابی 2025 دەستی بە کارەکانی کرد. ئەو کۆمیسیۆنە رۆژی 18-02-2026 راپۆرتی هاوبەشی فراکسیۆنەکانی پەسند کرد.