لە دووەم رۆژی جەژنی قوربان 9 کەس لە تورکیا بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە

رووداو دیجیتاڵ
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا دەڵێت، لە دووەم رۆژی جەژنی قورباندا 9 کەس لە تورکیا و باکووری کوردستان بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە. 
 
ئەم ساڵ پشووی جەژنی قوربان لە تورکیا لە رۆژانی 5-9ـی حوزەیران دەبێت و رۆژی 10ـی حوزەیران دەوامی فەرمیی دەستپێدەکاتەوە. 
 
عەلی یەرلیکایا، وەزیری ناوخۆی تورکیا، ئەمڕۆ یەکشەممە 8ـی حوزەیرانی 2025، لە تۆڕی ئێکس ئاماری رووداوەکانی هاتووچۆی دووەمین رۆژی جەژنی قوربانی بڵاوکردەوە. 
 
عەلی یەرلیکایا رایگەیاند، رۆژی 7ـی حوزەیران (دووەمین رۆژی جەژن) 683 رووداوی هاتووچۆ لە سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستان روویانداوە. لە ئەنجامدا نۆ کەس گیانیان لەدەستدا و هەزار و 143 کەسی دیکەش برینداربوون. 
 
لە سێ رۆژی رابردوودا (عەرەفە و رۆژی یەکەم و دووەمی جەژنی قوربان) دوو هەزار و 238 رووداوی هاتووچۆ روویانداوە، بەهۆیەوە 26 کەس گیانیان لەدەستدا و سێ هەزار و 590 کەسی دیکەش بریندار بوون. 
 
وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە ئێوارەی رۆژی 4ـی حوزەیرانەوە، 69 هەزار و 114 هەزار پۆلیس و جەندرمە لە تەواوی رۆژانی پشووی جەژنی قورباندا ئەرکدار کردووە و بەسەر 17 هەزار و 645 تیم لە سەرانسەری تورکیا و باکووری کوردستان دابەشیکردوون. 
 
تیمەکان لە سێ رۆژدا پشکنینی بۆ یەک ملیۆن و 351 هەزار و 653 ئۆتۆمبێل کردووە. لە ئەنجامدا 48 هەزار و 411 ئۆتۆمبێل سزای پێبژاردنیان بەسەردا سەپێندراوە.  
 
بەپێی ئاماری وەزارەتی گەیاندن و ژێرخانی تورکیا، لە جەژنی رەمەزانی ئەم ساڵدا، 11 ملیۆن و 556 هەزار و 899 کەس بۆ بەسەربردنی رۆژانی جەژن، لەنێوان شارەکاندا هاتووچۆیان کردووە. 
 
لەلایەکی دیکە، بەپێی ئاماری وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە جەژنی رەمەزانی ئەم ساڵدا، دوو هەزار و 650 رووداوی هاتووچۆ روویاندا. بەهۆیەوە 72 کەس گیانیان لەدەستدا و 8 هەزار و 313 کەسی دیکەش بریندار بوون. 
 
هەر بەپێی ئامارەکەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا، لە هەردوو جەژنی رەمەزان و قوربانی پار، 12 هەزار و 214 رووداوی هاتوچۆ روویاندا. بەهۆیەوە 749 کەس گیانیان لەدەستدا و 20 هەزار و 626 کەس بریندار بوون.