شوفێرانی تەکسی ئیستەنبووڵ داوای زیادکردنی کرێ دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

ژمارەیەکی زۆر لە شوفێرانی تەکسی لە هەردوو دیوی ئاسیا و ئەوروپای ئیستەنبووڵ لە گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییدا داوای زیادکردنی کرێی تەکسیان کرد. 
 
شەوی رابردوو، ژمارەیەکی زۆر لە خاوەن تەکسییەکانی ئیستەنبووڵ لە هەردوو دیوی شارەکە بۆ دەربڕینی ناڕەزایەتی لە بەرامبەر زیادبوونی نرخی سووتەمەنی و باجی هاتووچۆ گردبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان رێکخست. 
 
سەرەتا سەتان خاوەن تەکسی لە ناوچەی فاتیح لە دیوی ئەوروپا و پردی گۆزتەپە لە دیوی ئاسیای شارەکە بەرەو گۆڕەپانی ئەتکینلیک لە ناوچەی یەنی کاپی بەڕێکەوتن و لەوێ یەکیان گرت و گردبوونەوە. 
 
لە گردبوونەوەکەدا، حوسێن دومان، سەرۆکی کۆمەڵەی شوفێرانی یەکگرتووی ئیستەنبووڵ راگەیێندراوێکی بەناوی خاوەن تەکسییەکانی ئیستەنبووڵ خوێندەوە و رایگەیاند، سەرباری ئەوەی ئیستەنبووڵ لە رووی خەرجییەوە گرانترینی تورکیایە، بەڵام کەمترین کرێی تەکسی لە سەرتاسەری تورکیادا هەیە. 
حوسێن دومان راشیگەیاند، کرێی تەکسی لە ئیستەنبووڵ بۆ هەر کیلۆمەترێک 8.5 لیرەیە (30 سەنت)، بەڵام لە ئیزمیر 22 لیرە (81 سەنت)، لە مەرسین 20 لیرە (74 سەنت) و لە ئەنقەرە و چاناککالە 15 لیرەیە (56 سەنت). ئەوە لە کاتێکدایە ئەنجوومەنی رێکخستنی هاتووچۆی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ UKOME، بەردەوام باجی هاتووچۆ زیاد دەکات. 
 
حوسێن دومان داوایکرد، لانیکەم بە رێژەی 100٪ نرخی کرێی هاتووچۆ لە ئیستەنبووڵ زیاد بکرێت بۆ ئەوەی خاوەن تەکسییەکانی ئیستەنبووڵ، کارەکانیان بە پەرۆشییەوە بکەن و رایگەیاند، "لە ئەگەری بەردەوامبوونی زیادکردنی باجی UKOME و گرانبوونی نرخی بەنزین و گازوایل، شوفێران نەک تەنیا قازانج ناکەن، بەڵکو مایەکەشی ناگرنەوە". 
 
بەگوێرەی ئامارەکان، ژمارەی دانیشتووانی ئیستەنبووڵ 15 ملیۆن و 840 هەزار و 900 کەسە و 19 هەزار و 520 تەکسی لێیە. بەمەش بۆ هەر 910 کەس تاکسییەک بەردەستە.