دوو ئاگر لە دارستانەکانی چاناکالەی تورکیا کەوتوونەتەوە؛ چەندین گوند چۆڵکراون
رووداو دیجیتاڵ
دوو ئاگر لە دارستانەکانی چاناکالەی تورکیا کەوتوونەتەوە و بەو هۆیەوە چەندین گوند چۆڵکراون، هەروەها چوار کەسیش دەستگیر کراون کە گومان دەکرێت دەستیان لە کەوتنەوەی ئاگرەکاندا هەبووبێت.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 8ی ئابی 2025 ئاگر لە زەوییەکی کشتوکاڵی لە سنووری گوندی ساریجائەلی لە پارێزگای چاناکالە کەوتەوە، دواتریش بۆ ناوچە دارستانییەکان تەشەنەی سەند.
ئیبراهیم یوماکڵی، وەزیری دارستانەکانی تورکیا ئەمشەو هەینی، لە چاناکالە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، بەهۆی کاریگەریی ئاگرەکەوە 131 کەسیان لە نەخۆشخانەیەک، ناوەندێکی هاوکاریکردنی نیڤشکان و دەزگایەکی راگەیاندن گواستووەتەوە بۆ شوێنی سەلامەت.
دوای چەند خولەکێک لە کەوتنەوەی ئەو ئاگرە، ئاگرێکی دیکە لە سنووری گوندی یغیتلەری سەر بە شارۆچکەی بایرامئیچ لە پارێزگەکە کەوتەوە و ئەویش بۆ ناوچە دارستانییەکان تەشەنەی سەند.
بە گوتەی یوماکڵی، گوندەکانی زەیتینلی، پترئەللی، ساچاکڵی، ئەحمەدچەلی و دۆغانجا سەر بە شارۆچکەکە وەک رێکاری سەلامەتی چۆڵکراون و 654 هاووڵاتی بۆ شوێنی سەلامەت گوێزراونەتەوە.
هەر بەهۆی ئەو ئاگرەوە چەندین خانووی گوندی ساچاکڵیی سەر بە شارۆچکەکە بەتەواوی سووتان.