لێکۆڵینڤانێکی ئەمریکی لە قوڵایی 1200 مەتر لە ناخی زەویدا تووشی خوێنبەربوون بووە


رووداو دیجیتاڵ 

لە ئەشکەوتی مۆرکا لە پارێزگای مێرسینی تورکیا لە قووڵایی هەزار و 200 مەتر لە ناخی زەویدا، گەڕیدە و لێکۆڵینڤانێکی ئەمریکی تووشی خوێنبەربوونی ناوەکی بووە.
 
تیمێکی فریاگوزاریی هاوبەشی تورکیا، ئیتاڵیا، پۆڵەندا، هەنگاریا، بولگاریا و کرواتیا کە لە زیاتر لە 170 کەس پێکهاتووە، هەوڵی رزگارکردنی مارک دیکیی تەمەن 40 ساڵان دەدەن کە لە رۆژی یەکشەممەوە تووشی خوێنبەربوونی ناوەکی بووە. 
 
دینکۆ نۆڤۆسێل، سەرۆکی یەکێتیی فریاگوزاریی ئەشکەوتڤانەکانی ئەوروپا دەڵێت، "ئێستا دەتوانین پشتڕاستی بکەینەوە کە کەمپێکی لۆجستی لەسەر چیاکە دانراوە و لە رۆژی دووشەممەوە پزیشک گەیشتووەتە ئەشکەوتەکە بۆ ئەوەی هەموو چارەسەرێکی پێویست دابینبکات. دەتوانم بڵێم نەخۆشەکە دۆخی جێگیرە، بەڵام ناتوانێت لە ئەشکەوتەکە بێتەدەرەوە، بەڵام دەکرێت بە دەستەبەرە بهێنرێتە دەرەوە."
 
هەڵگرتنی نەخۆشەکە لەسەر دەستەبەرە یاخود نەقالە و هێنانەدەرەوەی لە قووڵایی هەزار مەتردا، بە گوتەی تیمەکە، لەم کاتەدا ئەسەتەمە، چونکە ئەشکەوتەکە لە هەندێ شوێن زۆر تەسکە.
 
تاوەکو ئێستا سێ بووتڵ خوێن گەیێنراوەتە نەخۆشەکە کە لەم کاتەدا لە خێوەتێکی تیمەکەی ناخی ئەشکەوتەکەدایە. 
تیمەکان دەڵێن، گەڕیدەکە تەنیا بە یارمەتی ئەوانی دیکە دەتوانێت هەستێتەوە. 
 
دینکۆ نۆڤۆسێل، سەرۆکی یەکێتیی فریاگوزاریی ئەشکەوتڤانەکانی ئەوروپا ئاماژە بەوە دەکات، "ئەمە هەوڵێکی زۆر ئاڵۆزی رزگارکردنە لە ئەشکەوتێکدا. هێشتا تەواو نەبووە، ناشتوانین بڵێین هەوڵێکی سەرکەوتووە. کە نەخۆشەکەمان لە ئەشکەوتەکە هێنایەدەرەوە و نارد بۆ نەخۆشخانە، ئەو کاتە دەتوانین بڵێین رزگاکردنەکە سەرکەوتوو بوو، بەڵام تاوەکو ئێستا، لە هەموو جیهان هەوڵێکی هێندە گەورەی رزگارکردنی خەڵک لە هیچ ئەشکەوتێکدا نەبووە."
 
گەڕیدە نەخۆشکەوتووە ئەمریکییەکە لەگەڵ تیمێکی 13 کەسیدا بووە کاتێک کە تووشی خوێنبەربوونەکە بووە. ئەو خۆی ئەشکەوتڤان، لێکۆڵینڤان و شارەزایێکی رزگارکردنی شاخەوانەکانە.
 
تیمە فریاگوزارییەکان لە بەردەمی ئەشکەوتەکە کەمپێکی کاتییان داناوە و ئامێری تەلداریان شۆڕکردووەتە بۆ نێو ئەشکەوتەکە و لەو رێگەیەوە لەگەڵیان لە پەیوەندیدا ماونەتەوە.
 
چاوەڕێدەکرێت دەرهێنانی گەڕیدەکە چەندین رۆژ بخایێنێت.