پارێزەرەکەی بۆ رووداو: دەمیرتاش ئازاد نەکراوە
رووداو دیجیتاڵ
هادی جین، ئەندامی تیمی پارێزەرانی سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "سەڵاحەدین دەمیرتاش ئازاد نەکراوە و هیچ وادەیەکیش بۆ ئازادکردنی دیاریی نەکراوە."
رۆژی 4ـی تشرینی دووەمی 2025، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی-مەهەپە لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا رایگەیاند، "دۆسیەی بەرێز سەڵاحەدین دەمیرتاش، لە رێگەی یاساییەوە گەیشتووەتە ئەنجام، ئازادکردنی بۆ تورکیا دەبێتە مایەی خێر".
هەروەها رۆژی 5ـی تشرینی دووەمی 2025، رەجەب تەیب ئەردۆغان، لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی ئاکپارتی لە پەرلەمان گوتارێکی پێشکێش کرد، لە کاتی چوونەدەرەوەی لە پەرلەمان وەڵامی پرسیارێکی دایەوە سەبارەت بە لێدوانەکانی دەوڵەت باخچەلی لەبارەی ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش و گوتی، "ئەم وڵاتە وڵاتی دادوەرییە، دەسەڵاتی دادوەری لەمبارەیەوە چی بڵێت، پابەندی دەبین."
رۆژی شەممە 8-11-2025 هادی جین، ئەندامی تیمی پارێزەرانی سەڵاحەدین دەمیرتاش بە رووداوی راگەیاند: "دەمیرتاش ئازادنەکراوە، هەواڵی ئازادکردنی راست نییە، ئاگاداری ئەوەین لە باشووری کوردستان چەند هەواڵ لەبارەی ئازادکردنی دەمیرتاشەوە بڵاوکراونەتەوە، بەڵام هیچیان راست نین".
چی لەبارەی دۆسیەی کۆبانێ دەزانیت؟
ئەو دۆسیەیەی دەمیرتاش و هاوڕێکانی لەسەری دادگاییکران، بە دۆسیەی کۆبانێ ناسراوە، ئەمەش دوای ئەوەی داعش لە ئەیلوولی 2014 هێرشێکی بۆ سەر کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد و لە باکووری کوردستان داوای پشتیوانی بۆ کۆبانێ کرا.
یەکەم لێکۆڵینەوە لەبارەی رووداوەکانی کۆبانێ لە ساڵی 2014 دەستیپێکرد.
ژمارەیەک لە سیاسەتڤانانی هەدەپە بە تۆمەتەکانی وەکو "کوشتنی بەئەنقەست" و "تاڵانکردن"، "بریندارکردنی کارمەندی کەرتی گشتی بە چەک"، "سووتاندنی ئاڵا" و "تێکدانی یەکێتیی دەوڵەت و یەکپارچەیی وڵات" دادگەیی کران، پاش ئەو دۆسیەیە دەمیرتاش لە تشرینی دووەمی 2016 ـدا دەستگیر کرا.
ئەو سکاڵانامەیەی لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی ئەنقەرەوە ئامادەکرابوو، لە حەوتی کانوونی دووەمی 2021 لەلایەن دادگەی 22ـەمینی سزا قورسەکانی ئەنقەرەوە پەسند کرا و لە 26ـی نیسانی 2021 یەکەم دانیشتنی دادگەییکردنەکە بەڕێوەچوو.
لە دۆسیەکەدا 108 سیاسەتڤانی کورد دادگەییکران و تەنیا 12 کەسیان بێتاوان دەرچوون.