ئۆجەلان نەشتەرگەریی چاوی بۆ کراوە
رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی رایگەیاند، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، نەشتەرگەریی چاوی بۆ کراوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 9ـی ئاداری 2025، پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان کە هاوکات ئەندامی شاندی ئیمراڵییە، بە میدیای نزیک لە پارتەکەی راگەیاند، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، نەشتەرگەریی لابردنی ئاوی سپیی چاوی راستی بۆ کراوە و تەندروستیی باشە.
پەروین بوڵدان راشیگەیاند، لە دووەمین سەردانیان بۆ دوورگەی ئیمراڵی، کە رۆژی 22ـی کانوونی دووەمی 2025 بوو، عەبدوڵڵا ئۆجەلان پێی راگەیاندوون نەشتەرگەریی لابردنی ئاوی سپی لە چاوی راستی بۆ کراوە. نەشتەرگەرییەکە سەرکەوتوو بووە و تەندروستیی چاوی باشترە.
باسی لەوەشکرد، نەشتەرگەرییەکە لەلایەن تیمێکی پزیشکییەوە لە گرتووخانەکەدا بۆی کراوە. جەختی لەوەشکردەوە لە نزیکترین کاتدا، هەمان نەشتەرگەری بۆ چاوی چەپیشی دەکرێت، بەڵام تاوەکو ئێستا پزیشکەکان کاتی نەشتەرگەرییەکەیان رانەگەیاندووە.
بوڵدان ئەوەشی خستەڕوو، لە سێیەم سەردانیان بۆ دوورگەی ئیمراڵی و لەکاتی کۆبوونەوەکاندا، فرمێسک لە چاوی چەپی دەهاتە خوارەوە و بەردەوام بە دەستەسڕ پاکی دەکردەوە.
رۆژی یەکی تشرینی یەکەمی پار، هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بە ئاراستەی پرسی کورد نرا و داوا لە دەم پارتی کرا دیدار لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان بکات.
شاندی دەم پارتی سێ جار سەردانی ئۆجەلانی لە ئیمراڵی کردووە و لەسەر زاری خۆیەوە پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی راگەیاند.
رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە پەیامێکی بە شاندی دەم پارتیدا ناردە دەرەوەی زیندان و ئەوانیش لە 27ـی شوبات پەیامەکەیان خوێندەوە. ئۆجەلان داوای کرد، پەکەکە چەک دابنێ و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.