پارێزگاری سێرت: سەربازێک لە هێرشێکی پەکەکەدا کوژرا
رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاری سێرت لە باکووری کوردستان رایگەیاند، سەربازێکی سوپای تورکیا لە پێکدادانێکی سەربازییدا لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکە کوژرا.
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 9ـی نیسانی 2021، پارێزگاری سێرت راگەیێندراوێکی لە ماڵپەڕی پارێزگاکە بڵاوکردەوە و کوژرانی سەربازێکی سوپای تورکیای لە میانی پێکدادانێکی سەربازی لەگەڵ گەریلاکانی پەکەکە لە بەرزاییەکانی شارۆچکەی دیخ راگەیاند.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، لە چوارچێوەی زنجیرە ئۆپەراسیۆنەکانی تورکیا بەناوی "ئەرەن-6" کە لە پارێزگای سێرت بەڕێوەدەچێت، رووبەڕووبوونەوە لەگەڵ گەریلاکان روویداوە و ئەو سەربازە کوژراوە.
دوێنێش ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە لە راگەیێندراوێکدا گیانلەدەستدانی شەش گەریلای پەکەکەی لە هەمان ئۆپەراسیۆندا راگەیاند.