وەزارەتی دەرەوەی تورکیا: ئیسرائیل دەوڵەتێکی تیرۆریستییە

 
رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی دەرەوەی تورکیا سەرکۆنەی حکومەتی ئیسرائیل دەکات لە بەرامبەر دەستبەسەرداگرتنی ئەو بەلەمەی کە چالاکڤانانی نێودەوڵەتی تێدا بوو و ئامانجەکەی ئەوە بوو گەمارۆی سەر کەرتی غەززە بشکێنێت. 
 
ئەمڕۆ دووشەممە 9-6-2025 وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دەستبەسەرداگرتنی ئەو بەلەمە و دەستگیرکردنی چالاکڤانەکان لە کاتێكدا بووە کە بەلەمەکە هێشتا لە سنووری ئاویی نێودەوڵەتییدا بووە و ئەوەش پێشێلکارییەکی روونی یاسای نێودەوڵەتییە. 
 
وەزارەتی دەرەوەی تورکیا هێرشی هێزەکانی ئیسرائیل بە "قێزەون" ناودەبات و دەڵێ، ئەوەی کراوە جارێکی دیکە سەلماندی کە ئیسرائیل دەوڵەتی تیرۆریستییە. 
 
هاوپەیمانیی کەشتیگەلی ئازادی لە 1ی حوزەیران لە دوورگەی سیسیلیی ئیتاڵیاوە بەڕێکەوت. 
 
دوێنێ یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل رایگەیاند فەرمانی بە سوپا کردووە، رێگە بە بەلەمی ئەو چالاکڤانانە نەدەن بگاتە غەززە و هەموو رێگەیەک دژیان بگرنەبەر کە هەوڵی شکاندنی گەمارۆکە دەدەن.
 
بەلەمەکە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ دەستی بە سەرداگیرا. 
 
دەقی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا 
 
دەستوەردانی هێزەکانی ئیسرائیل بۆ سەر کەشتیی "مادلین" کە هاووڵاتی ئێمەیشی تێدابوو و بە مەبەستی گەیاندنی یارمەتیی مرۆیی بۆ غەززە بەڕێکەوتبوو، لە کاتی جووڵەیدا لە سنووری ئاوی نێودەوڵەتی، پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسای نێودەوڵەتییە.
 
ئەم هێرشە قێزەونەی حکومەتی نەتەنیاهۆ، کە هەڕەشەیە بۆ سەر ئازادیی دەریاوانی و ئاسایشی دەریایی، جارێکی دیکە سەلماندی کە ئیسرائیل دەوڵەتێکی تیرۆریستییە.
 
کاردانەوەی رەوای کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرامبەر سیاسەتەکانی کۆمەڵکوژیی ئیسرائیل کە برسێتی وەک چەکێک لە غەززە بەکاردەهێنێت و رێگری لە گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان دەکات، بەردەوام دەبێت. هەڵوێستی شەڕەنگێزانە و یاساشکێنانەی ئیسرائیل ناتوانێت ئەو دەنگانە کپ بکات کە بەرگری لە بەها مرۆییەکان دەکەن.