گوتەبێژی ئاکپارتی: میکانیزمی دڵنیابوونەوە بۆ چەکدانان دانراوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) دەڵێت، دەبێت ''هەموو'' گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە ماوەی چەند مانگێکدا ''بەتەواوی'' چەکەکانیان دابنێن، ئاماژە بەوەش دەکات، وڵاتەکەی 'میکانیزمی دڵنیابوونەوە'ی بۆ چەکدانانی پەکەکە داناوە.
عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی شەوی چوارشەممە، 9ی تەممووزی 2025 لە بەرنامەیەکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، رێوڕەسمی چەکدانانی گرووپێکی پەکەکە کە بڕیارە رۆژی هەینی 11ی تەممووز بەڕێوەبچێت، پرۆسەی چارەسەری دەباتە قۆناخێکی کردەیی؛ گوتیشی، بۆ ئەوەی پرۆسەکە پەکنەخرێت، دەبێت لە ماوەی چەند مانگێکدا ''هەموو ''گەریلاکانی پەکەکە چەکەکانیان دابنێن.
چەلیک رایگەیاند، دەزگای هەواڵگریی نیشتیمانی و سوپای وڵاتەکەی 'میکانیزمی دڵنیابوونەوە'یان بۆ پرۆسەی چەکدانانی پەکەکە داناوە؛ گوتیشی: "کاری میکانیزمەکە ئەوەیە؛ ئاخۆ چەکەکان دادەنرێن؟ ئەگەر دادەنرێن، تاوەکو چ ئاستێک دادەنرێن؟ ئەمانە دڵنیا دەکاتەوە''.
چەلیک پێیوایە، هەندێک لە وڵاتان بەهۆی ئەوەی نەیانتوانیوە کێشەکانیان چارەسەر بکەن، ''پەنایان بۆ وڵاتانی دیکە بردووە تاوەکو نێوەندگیرییان بکات''؛ بۆیە گوتی: ''تورکیای بێ تیرۆر، پرسی تورکیایە و رێگە نادەین وڵاتی سێیەم بێتە نێو پرسەکە''.
رێوڕەسمی چەکدانانی گرووپێکی گەریلاکانی پەکەکە رۆژی 11ی تەمموز لە سنووری ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی بەڕێوەدەچێت.
ئەگەرچی بڕیار بوو رێوڕەسمەکە بە ئامادەبوونی میدیاکان بەڕێوەبچێت، بەڵام شەوی دووشەممە کۆما جڤاکێن کوردستان (کەجەکە) کە باڵی سیاسیی پەکەکەیە، رایگەیاند، بەهۆی بارودۆخی "ئەمنی"ـەوە رۆژنامەڤانان ناتوانن راستەوخۆ لە گۆڕەپانی رێوڕەسمەکە ئامادە بن و پەخشی راستەوخۆش ناکرێت".
لە راگەیێندراوەکەی کەجەکەدا هاتووە: "لە جێگایەکی نزیک رێوڕەسمەکە شاشەیەکی گەورە ئامادە دەکرێت، لە دوای رێوڕەسمەکە دیمەنی تۆمارکراو لەو شاشەیە پێشان دەدرێت؛ تاکە رێگەیە رۆژنامەڤانان بتوانن زانیاری لێوە وەربگرن".
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا کە 19ی حوزەیرانی ئەم ساڵ تۆمارکراوە و ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوکرایەوە، دەڵێت: "دروستكردنی میكانیزمی چهكدانان پرۆسهكه بهرهو پێشهوه دهبات. ئهوەی دەکرێت ههنگاوێكی دڵخوازانهیه له قۆناخی تێكۆشانی چهكدارییهوه بهرهو قۆناخی ماف و سیاسهتی دیموكراسییانه. ئهمه به شكست نا، بهڵكو دهبێت به سهركهوتنێكی مێژوویی ببیندرێت''.