وەزیری کشتوکاڵ و دارستانەکانی تورکیا: بەشێکی زۆری دوو ئاگرەکەی چاناکالە کۆنترۆڵ کراون
رووداو دیجیتاڵ
دوو ئاگر لە رۆژی هەینییەوە لە دارستانەکانی چاناکالەی تورکیا کەوتوونەتەوە. وەزیری کشتوکاڵ و دارستانەکانی تورکیا دەڵێ، بەشێکی زۆری دوو ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراون.
ئیبراهیم یوماکڵی، وەزیری کشتوکاڵ و دارستانەکانی تورکیا، ئەمڕۆ شەممە، 9ـی ئابی 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردەوە، بەدرێژایی شەوی رابردوو تیمەکانیان لە ئاسمان و وشکانییەوە لە هەوڵی کوژاندنەوەی دوو ئاگرەکەدا بوون و بەشێکی زۆری هەردوو ئاگرەکەیان کۆنترۆڵ کردووە.
بە گوتەی وەزیری کشتوکاڵ و دارستانەکانی تورکیا، هەوڵی تیمەکانیان بۆ کوژاندنەوەی ئاگرەکان بەردەوامن.
پاشنیوەڕۆی رۆژی هەینی 8ـی ئابی 2025 ئاگر لە زەوییەکی کشتوکاڵی سنووری گوندی ساریجائەلی لە پارێزگای چاناکالە کەوتەوە، دواتریش بۆ ناوچە دارستانییەکان تەشەنەی سەند.
وەزیری دارستانەکانی تورکیا شەوی هەینی لە چاناکالە بە رۆژنامەڤانانی راگەیاند، بەهۆی کاریگەریی ئاگرەکەوە 131 کەسیان لە نەخۆشخانەیەک، ناوەندێکی هاوکاریکردنی نیڤشکان و دەزگایەکی راگەیاندن گواستووەتەوە بۆ شوێنی سەلامەت.
وەزیری کشتوکاڵ و دارستانەکانی تورکیا راشیگەیاند، لێکۆڵینەوە لە هۆکاری ئاگرەکە دەستیپێکردووە و چوار کەس دەستگیرکراون.
دوای چەند خولەکێک لە کەوتنەوەی ئاگری زەوییە کشتوکاڵییەکە، ئاگرێکی دیکە لە سنووری گوندی یغیتلەری سەر بە شارۆچکەی بایرامئیچ لە پارێزگەکە کەوتەوە و ئەویش بۆ ناوچە دارستانییەکان تەشەنەی سەند.
بە گوتەی یوماکڵی، گوندەکانی زەیتینلی، پترئەللی، ساچاکڵی، ئەحمەدچەلی و دۆغانجا سەر بە شارۆچکەکە وەک رێکاری سەلامەتی چۆڵکراون و 654 هاووڵاتی بۆ شوێنی سەلامەت گوێزراونەتەوە.
هەر بەهۆی ئەو ئاگرەوە چەندین خانووی گوندی ساچاکڵیی سەر بە شارۆچکەکە بەتەواوی سووتان.
بە گوتەی وەزیری کشتوکاڵ و دارستانەکانی تورکیا، ئاگرەکان هیچ زیانێکی گیانیان نەبووە، بەڵام 24 کەس بەهۆی دووکەڵی ئاگرەکەی شارۆچکەی بایرامیچەوە تەندروستییان تێکچووە و سەردانی نەخۆشخانەیان کردووە و بەشێکیان ئێستا چارەسەر وەردەگرن.
وەزیری کشتوکاڵ و دارستانەکانی تورکیا گوتیشی، دوێنێ 42 ئاگری دیکە لە بەشێکی دارستانەکانی چەند پارێزگەیەکی تورکیا کەوتنەوە و دواتریش لەلایەن تیمەکانەوە کۆنترۆڵ کران.