نێچیرڤان بارزانی و رەجەب تەیب ئەردۆغان تاوتوێی پرسە هەرێمییەکان و پەیوەندییە ستراتیجییەکان دەکەن
رووداو دیجیتاڵ
نێچیرڤان بارزانی دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند، "دەرفەتێک بوو لە کاتێکی گونجاودا بۆ ئاڵۆگۆڕکردنی بیروڕا."
رۆژی پێنجشەممە، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ئەنقەرە لە کۆشکی سەرۆکایەتیی کۆمار لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا کۆبووەوە.
کۆبوونەوەکە نزیکەی کاژێرێکی خایاند.
نێچیرڤان بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس لەبارەی کۆبوونەوەکە رایگەیاند، "خۆشحاڵ بووم کە ئەمڕۆ لە ئەنقەرە لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغان کۆبوومەوە. دەرفەتێک بوو لە کاتێکی گونجاودا بۆ ئاڵۆگۆڕکردنی بیروڕا لە بارەی پرسە هەرێمییەکان و پەیوەندییە ستراتیجییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا."