سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ تورکیا؛ پرسەکانی سەقامگیری، نەوت و پەرەپێدانی ئاشتی تاوتوێ کران

 
رووداو دیجیتاڵ 

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا و لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە و دواتر لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا کۆبووەوە.
 
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 9ـی تشرینی یەکەمی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا. 
 
لە ئەنقەرە، نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا کۆبووەوە. دوای کۆبوونەوەکە نێچیرڤان بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نووسی، "لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، گفتوگۆمان لەبارەی هاوئاهەنگی بەردەوامی نێوان هەرێمی کوردستان، عێراق و تورکیا کرد."
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان هەروەها ئاماژەی بەوەدا کە لە کۆبوونەوەکەدا جەختیان لە گرنگیی هەوڵە هەرێمییە هاوئاهەنگەکان کردەوە بۆ چارەسەرکردنی پرسەکانی بەرژەوەندی هاوبەش و برەودان بە سەقامگیری لە سەرانسەری ناوچەکەدا.
 
سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی کۆبوونەوەکە بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کرد، "هه‌ردوولا جه‌ختيان له‌ خواستى دوولايه‌نه‌ بۆ بره‌ودان به‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى توركيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا كرده‌وه‌، هه‌روه‌ها ده‌رباره‌ى چۆنيه‌تيى فراوانكردنى بواره‌كانى هاريكاريى هاوبه‌ش، بيروڕايان گۆڕييه‌وه‌."
 
هەروەک لە راگەیێندراوی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستاندا هاتووە، نێچیرڤان بارزانی و هاکان فیدان باسیان له‌ پرسى ئاو له‌نێوان توركيا و عێراقدا كردووە و نێچیرڤان بارزانی "داكۆكیى له‌ پێويستيى هه‌ماهه‌نگيى نێوان عێراق و توركيا كرده‌وه‌، به‌ شێوه‌يه‌ك به‌ڕێوه‌بردنى ئاو هه‌موو پێداويستييه‌كانى هه‌ردوولا دابين بكات."
 
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە کاژێر 04:00ی ئێوارەی لە کۆشکی کۆماریی تورکیا لە ئەنقەرە، نێچیرڤان بارزانی لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغانەوە پێشوازیی لێ کرا.
 
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لەگەڵ رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا لە ئەنقەرە باسیان لە "پرسە هەرێمییەکان و پەیوەندییە ستراتیجییەکان"ی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا کردووە. 
 
دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەکەیان کە یەک کاژێری خایەند، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پۆستێکی تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکسدا رایگەیاند: "خۆشحاڵ بووم کە ئەمڕۆ لە ئەنقەرە لەگەڵ سەرۆک ئەردۆغان کۆبوومەوە."
 
دەشڵێت کۆبوونەوەکەیان "دەرفەتێک بوو لە کاتێکی گونجاودا بۆ ئاڵۆگۆڕکردنی بیروڕا لە بارەی پرسە هەرێمییەکان و پەیوەندییە ستراتیجییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا. ئێمە هەروەها باسمان لە رێگەکانی بەهێزکردنی زیاتری پێکەوەکارکردن و پەرەپێدانی ئاشتی، سەقامگیری و خۆشگوزەرانیی هەرێمی کرد."
 
هاوکات، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسيان له‌ په‌يوه‌ندييه‌كانى توركيا له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستاندا كرد، هه‌روه‌ها بواره‌كانى هاريكاريى هاوبه‌شى توركيا و هه‌رێمى كوردستان، دۆخى گشتيى عێراق، پرۆسه‌ى سياسى و هه‌ڵبژاردنى ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق، دۆخى ناوخۆى هه‌رێمى كوردستان و پێشهاته‌كانى سووريايان تاوتوێ كرد."
 
هه‌ر له‌مباره‌يه‌وه‌ "تيشكيان خسته‌ سه‌ر ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى هه‌نارده‌كردنى نه‌وتى هه‌رێمى كوردستان بۆ بازاڕه‌كانى جيهان له‌ رێگه‌ى به‌نده‌رى جه‌يهانى توركييه‌وه كه‌ له‌ به‌رژه‌وه‌نديى ئابووريى ته‌واوى عێراقدايه‌‌. هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ پرۆسه‌كه‌ خزمه‌ت به‌ ئارامى و سه‌قامگيريى عێراق به‌گشتى ده‌كات."
 
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و تورکیا فرەڕەهەندن و لایەنی ئابووری، سیاسی و ئەمنی لەخۆدەگرن. تورکیا یەکێکە لە هاوبەشە بازرگانییە سەرەکییەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و چەندین پڕۆژەی ستراتیژیی وەکو هەناردەکردنی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان لە رێگەی خاکی ئەو وڵاتەوە، گرنگیی پەیوەندییەکانی نێوانیانی زیاتر کردووە.
 
سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تورکیا لە کاتێکدایە کە پرۆسەی چارەسەری پرسی کورد لەو وڵاتەدا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت و لە پەرلەمانیش کۆمیسیۆنێکی بۆ پێکهێنراوە، بەرپرسانی تورکیا و سیاسەتمەدارانی کورد لە باکووری کوردستان باسیان لە رۆڵی هەرێمی کوردستان لە پرۆسەکەدا کردووە.
 
کاتی سەردانەکە
 
زریان رۆژهەڵاتی، بەڕێوەبەری ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو لەبارەی گرنگیی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ تورکیا رایگەیاند، "سەردانەکانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بۆ ئەنقەرە هەمووکات گرنگن، بەڵام ئەمەی ئێستا لەکاتێکدایە کە چوار یان پێنج رووداوی گرنگ لە ئارادان.''
 
یەکێک لە رووداوە گرنگەکان هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراقە کە بڕیارە 11ـی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ بکرێت. بەگوتەی زریان رۆژهەڵاتی، ''ئەوەی کە کێ دەبێتە سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق، بۆ تورکیا، هەرێمی کوردستان، ئەمریکا و ئێران گرنگە.''
 
بەڕێوەبەری ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو ئاماژەی بە بۆچوونی تورکیا کرد لەسەر حکومەتی داهاتووی عێراق و گوتی، ''تورکیا دەیەوێت سوودانی بمێنێتەوە. نایانەوێت مالیکی یان کەسێکی جیاوازتر لە سوودانی ببێتەوە سەرۆکوەزیران، بۆیە لەو روانگەیەوە لەوانەیە بیانەوێت بزانن هەرێمی کوردستان پاڵپشتی لە کێ دەکات.''
 
زریان رۆژهەڵاتی لەبارەی هۆکاری بایەخدانی تورکیا بە بۆچوونی نێچیرڤان بارزانی لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنی عێراق ئاماژەی بەوە کرد، ''سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسا، نوێنەرایەتیی هەرێمی کوردستان دەکات و جێگری یەکێک لە گەورەترین پارتە سیاسییەکانی عێراق و هەرێمی کوردستانە.''
 
بەڕێوەبەری ناوەندی لێكۆڵینەوەی رووداو ئەوەشی خستەڕوو، ''بێگومان [پارتی و سەرۆکی هەرێمی کوردستان] دەتوانێت رۆڵی هەبێت لە یەکلاکردنەوەی پڕۆسەی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی داهاتووی عێراق، بۆیە لەوبارەوە بایەخێکی زۆر بە بۆچوونی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەدرێت''. 
 
زریان رۆژهەڵاتی دەڵێت، سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە هاوکاتە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان گرنگییەکەی زیاتر دەکات.
 
ئاماژەی بەوەش کرد، دۆناڵد ترەمپ و ئەردۆغان لەسەر ئەوە رێککەوتوون کە تورکیا هاوردەکردنی گاز و نەوتی رووسیا کەم بکاتەوە، ''بۆیە پێویستی بە سەرچاوەی جێگرەوە هەیە کە یەکێکیان ئازەربایجان و ئەوەی دیکەش هەرێمی کوردستانە.''
 
تورکیا و نێچیرڤان بارزانی
 
تورکیا هەمیشە گوێ لە نیچیرڤان بارزانی دەگرێت. ئەوە بۆچوونی عەبدولقادر تەمیز، سەرۆکی ناوەندی ئۆرسامە، کە بۆ رووداو قسەیکرد. 
تەمیز دەڵێت "بەڕێز نێچیرڤان بارزانی لە باکووری عێراق یەکێکە لە سەرکردە هەرە کاریگەرەکانی ناوچەکە. هەمووان درک بە کاریگەری بەڕێز نێچیرڤان بارزانی دەکەن لە پەیوەندیی عێراق و تورکیادا. هەروەها سیاسەتڤانانی تورکیاش رۆڵی کاریگەری بەڕێزیان باش دەزانن. لەسەر ئەم بنەمایەش بڕیاربەدەستانی دەوڵەتی تورکیا پێیان باشە لە پرسە زۆر گرنگ و پێشهاتە چارەنووسسازەکاندا گفتوگۆ و دیالۆگ لەگەڵ بەڕێزیان بکەن و بۆچوونەکانیان لەگەڵی ئاڵوگۆڕ بکەن". 
 
تەمیز باسی لە گرنگی بۆچوون و کاریگەری نێچیرڤان بارزانی لەسەر پرۆسەی چارەسەری کرد، کە ماوەیەکە لە تورکیا دەستی پێکردووە و ئێستا کۆمسیۆنێک لەو بارەوە پێکهاتووە و کار دەکات. دەڵێت "چۆن بەڕێزیان کاریگەرییان دەبێ؟ بەتایبەتی لە بابەتی چەکدانان و خۆهەڵوەشاندنەوەی پەکەکە کاریگەری بەرچاوی دەبێت. وەک دەزانن پرۆسەکە تەنیا پەیوەندی بە تورکیاوە نییە، کاریگەری بەسەر باکووری عێراقیش دەبێت. بۆیە پێموایە بەتایبەتی لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ بەڕێز نێچیرڤان گفتوگۆ دەکرێت".
 
هەر لەو بارەوە بەڕێوەبەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی رووداو ئاماژەی بە رۆڵی نێچیرڤان بارزانی لە پڕۆسەی چارەسەریی تورکیا و باکووری کوردستان کرد و گوتی، ''رۆڵێکی بونیاتنەر و کردەوەیی هەیە. هەروەها لە ئاسانکردنی دانوستاندنەکانی نێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و تورکیا رۆڵی نێوبژیوانی بینیوە.''
 
زریان رۆژهەڵاتی گوتیشی، بەگشتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەتوانێت لە چارەسەرکردنی پرسی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان رۆڵێکی ''ستراتیژی'' هەبێت بۆ دروستکردنی دیالۆگ و کردنەوەی دەرگەی دیپلۆماسی.