پەرلەمانی تورکیا داوا دەکات ھەوڵ بدرێت ئاشتی لە فەلەستین دەستەبەر بکرێت

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی لیژنەی داد لە پەرلەمانی تورکیا پەیامێکی ئاراستەی ھاوتاکانی خۆی لە پەرلەمانەکانی وڵاتانی جیهان کرد، تێیدا داوای لێکردوون کە ھەوڵی زیاتر بدەن لەپێناو دەستەبەرکردنی ئاگربەست و بەدیهێنانی ئاشتییەکی ھەمیشەیی لە فەلەستین.
 
لە پەیامێکی سەرۆکی لیژنەی دادی پەرلەمانی تورکیادا ئاماژە بەوە دراوە، بەردەوامبوونی ململانێیەکان لە ناوچەکە و پێشێلکردنی بنەماکانی یاسای مرۆیی، پرسی گرنگی مافی مرۆڤ دەوروژێنێت کە پێویستی بە گرنگیدانی بەپەلەی دەوڵەتانە.
 
جونەیت یوکسەل، سەرۆکی لیژنەی دادی پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بە قەبارە و کاریگەریی ئەو ھێرشە کردووە کە ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە و کەناری رۆژئاوا ئەنجامی دەدات و رایگەیاندووە، لەدەستدانی ژیانی خەڵکی بێتاوان، بەتایبەتی منداڵان و ژنان، ھەروەھا وێرانکردنی نەخۆشخانەکان و ژێرخانی کارەبا و ئاو، پرسگەلێکن کە بە جدی جێگای نیگەرانی و مەترسین.
 
جەختیشی کردووەتەوە، نوێنەرانی لیژنەکانی داد و یاسا لە پەرلەمانەکان، رۆڵی گرنگ لە بەرگریکردن لە سەروەریی یاسا، ئاشتی و دادوەری لە سەرتاسەری جیهان دەگێڕن و گوتوویەتی، "بەرپرسیارێتیی ھەموومانە کە پاراستنی مافەکانی مرۆڤ دەستەبەر بکەین، ھەروەھا کردە تووندئاژۆیی و دەستدرێژییەکان سەرکۆنە بکەین."
 
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا، داوای ئاگربەستی بەپەلە و ھەروەھا سەرکۆنەکردنی بۆردوومان و تووندوتیژی لە فەلەستین و گەیاندنی یارمەتیی مرۆیی بەپەلە بۆ غەززە کراوە.
 
ھەروەھا لە پەیامەکەدا، داوای لێکۆڵینەوەیەکی تەواو و بێلایەنانە سەبارەت بە کۆمەڵکوژی و پێشێلکردنی مافەکانی مرۆڤ، ھەروەھا پاڵپشتیکردن لە ھەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ئاشتییانە و ھەمیشەیی بۆ ململانێکە لەسەر بنەمای دامەزراندنی دوو دەوڵەتی، ئەوەیش لە چوارچێوەی سنوورەکانی ساڵی 1967دا بەدیبکرێت.