وەزیری دادی تورکیا: دادگەی تێهەڵچوونەوە بڕیار لە دۆسیەی دەمیرتاش دەدات
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا دەڵێ، سزای سەڵاحەدین دەمیرتاش لە دادگەی خۆجێیی دەرچووبوو و ئێستاش دۆسیەکەی لە دادگەی تێهەڵچوونەوەیە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، دادگەکە بڕیار لە چارەنووسی دەمیرتاش دەدات.
ئەمڕۆ یەکشەممە 9ی تشرینی دووەمی 2025، یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا لە ئەنتاڵیا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە.
یڵماز تونچ، لەبارەی بڕیاری دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا بۆ ئازادکردنی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە رایگەیاند: "ئێوە دەزانن ئەمە یەکەم بڕیاری دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا نییە. پێشتریش بڕیار لەبارەی ئۆجەلانەوە هەبوو. بڕیار لەبارەی [عوسمان] کاڤاڵاوە هەیە."
وەزیری دادی تورکیا ئاماژەی بە پرسی زیندانیکردنی دەمیرتاش کرد و گوتی: "هەمووتان دەزانن، دادگەی 22ـەمینی سزا قورسەکانی ئەنقەرە، رۆژی 16ی ئایاری 2024 سزای بەسەر دەمیرتاش و هاوڕێکانیدا سەپاند. ئێستا دۆسیەکە لە 22ـەمین سزای دادگەی ناوچەیی ئەنقەرە (تێهەڵچوونەوە)یـە".
یڵماز تونچ گوتی: "دادگای مافی مرۆڤی ئەورووپا لەسەر سکاڵایەک بڕیاری پێشێلکاری بۆ 'پێشێلکردنی مافی ئازادی و ئاسایش و پێشێلکارییەکانی دەستبەسەری' دابوو. لەم رێکارانەدا ئێمە دەمانەوێ بڕیارەکانی فەرمانگەکە لە فەرمانگەی گشتیی گەورە هەڵبسەنگێندرێن. پێش ئەوەی بابەتەکە بچێتە فەرمانگەی گەورە، لیژنەیەکی پێنج کەسی هەیە و گوتی، 'پێویست بە هەڵسەنگاندن ناکات و بڕیارەکە یەکلاییکرایەوە'. بڕیارەکەی فەرمانگەکە ئێستا لە 22ـەمین فەرمانگەی سزاکانی دادگەی هەرێمی ئەنقەرە (پێداچوونەوە) هەڵدەسەنگێندرێت."
ئەو دۆسیەیەی دەمیرتاش و هاوڕێکانی لەسەری دادگاییکران، بە دۆسیەی کۆبانێ ناسراوە، ئەوەش دوای ئەوەی داعش لە ئەیلوولی 2014 هێرشێکی بۆ سەر کۆبانێ لە رۆژئاوای کوردستان دەستپێکرد و لە باکووری کوردستان داوای پشتیوانی بۆ کۆبانێ کرا.
ژمارەیەک لە سیاسەتڤانانی هەدەپە بە تۆمەتەکانی وەک "کوشتنی بەئەنقەست" و "تاڵانکردن"، "بریندارکردنی کارمەندی کەرتی گشتی بە چەک"، "سووتاندنی ئاڵا" و "تێکدانی یەکێتیی دەوڵەت و یەکپارچەیی وڵات" دادگەیی کران. پاش ئەو دۆسیەیە دەمیرتاش لە تشرینی دووەمی 2016 ـدا دەستگیر کرا.
دادگەی مافی مرۆڤی ئەورووپا، لە بڕیارێکدا کە لە هەشتی تەممووزی 2025 رایگەیاند، زیندانیکردنەوەی دەمیرتاشی لە چوارچێوەی دۆسیەی کۆبانێدا بە "کێشەدار لە رووی یاساییەوە" لە قەڵەم دا.
یڵماز تونچ گوتی: "دادگەی خۆجێیی سزای بەسەر دەمیرتاشدا سەپاندووە و دۆسیەکەی ئێستا لە دادگەی تێهەڵچوونەوەیە. هەڵسەنگاندنی ئەم بابەتە ئێستا لە دادگەکەدایە و هەموومان پێکەوە دەبینین کە چ بڕیارێک دەدات."
لە دۆسیەکەدا 108 سیاسەتڤانی کورد دادگەییکران و تەنیا 12 کەسیان بێتاوان دەرچوون.
لە 15ـی ئایاری 2024 ـدا، سەڵاحەدین دەمیرتاش بە 42 ساڵ و فیگەن یوکسەکداغ بە 30 ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردن سزادران.