سەرۆکوەزیران و وەزیری دەرەوەی سوێد لێدوانی دژیەک لەبارەی داواکانی تورکیا بۆ بوونە ئەندام لە ناتۆ دەدەن

 
رووداو دیجیتاڵ

وەزیری دەرەوەی سوێد کە پرسیاری ئەندامێتیی وڵاتەکەی و فینلاند لە رێکخراوی ناتۆیان لێکرد، گوتی، ئەوان لەگەڵ تورکیا پێکەوە کار لەسەر پرۆسەکە دەکەن؛ بەڵام دوای ماوەیەکی کەم ئەو لێدوانە لەلایەن سەرۆکوەزیرانی سوێدەوە بە ناڕاستەوخۆ رەتکرانەوە.
 
تۆبیاس بیلستروم، وەزیری دەرەوەی سوێد رایگەیاند، "ئێستا کاتێكی دیاریکراو دانانێم، بەڵام دەتوانم بڵێم ئێمە بڕگەکانی یاداشتنامەی لێکتێگەیشتنەکەمان جێبەجێ کردووە و هەرسێ وڵاتی سوێد، فینلاند و تورکیا پێکەوە کار لەسەر پرۆسەکە دەکەین."
 
قسەکانی ئەو وەزیرەی سوێد پاش ماوەیەکی کەم لەلایەن خودی سەرۆکوەزیرانی وڵاتەکەوە بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ، رەتکرانەوە و ئولف کریستیرسن، سەرۆکوەزیرانی سوێد رایگەیاند، "هیچ شتێك سەبارەت بەو بابەتە نەگۆڕاوە. تورکیا دەزانێت کە ئێمە هەموو پابەندبوونەکان کە بەڵێنمان دابوو، جێبەجێ کردوون، بەڵام تورکیا هەندێک شتی دەوێت کە نە لە توانامان هەیە بیانکەین و نە دەشیانکەین؛ بۆیە ئێستا بڕیارەکە لای تورکیایە."
 
هەندێ پێیانوایە تورکیا لە پرسی ئەندامێتیی سوێد و فینلاند، دەستی دەستی بەو دوو وڵاتە دەکات و رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا دەیەوێت وەکو کارتێك بۆ بردنەوەی دەنگی جەماوەری لە هەڵبژاردنە سەرۆکایەتی و پەرلەمانییەکەی مانگی حوزەیرانی ئەمساڵ بەکاریبهێنێت و ئەو پاڵەوانە سیاسییە دەرکەوێت کە لەبەردەم وڵاتانی ئەوروپا وەستاوە و سوورە لەسەر جێبەجێکردنی داواکارییەکانی.
 
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رایگەیاند، "لەڕێی ئەو یاداشتنامە سێقۆڵییەی لە مەدرید واژۆ کرا، سوێد و فینلاند بەڵێنیان دا لە بابەتەکانی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و پیشەسازیی بەرگریدا وەڵامی چاوەڕوانییەکانمان بدەنەوە."
 
تورکیا دەڵێت سوێد و فینلاند لە جێبەجێکردنی داواکارییەکانی ئەنقەرە هێندەی پێویست نەهاتوونەتە پێشەوە؛ وەکو پچڕاندنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر و هێزەکانی یەپەگە و یەپەژە، لە کاتێدا ئەمریکا ئەو هێزانە بە هاوپەیمان دادەنێت.
 
نێد پرایس، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانێکدا ئەوەی خستەڕوو، "نکۆڵی لەوە ناکرێت کە تورکیا رووبەڕووی ژینگەیەکی ئاڵۆزی ئەمنی دەبێتەوە، ئێمە پێمانوایە دەتوانین لەگەڵ تورکیا کار بکەین بۆ چارەسەرکردنی ئەو نیگەرانیانە. هاوپەیمانیی تێکشکاندنی داعش لە ساڵانی رابردوودا دەستکەوتی بەرچاوی بەدەستهێناوە، هاوبەشە کوردەکانمان لەسەر زەوی بەشێکی گرنگ بوون لەو هەڵمەتەدا."
 
لە 29 وڵاتەکەی ناتۆ، 27یان رەزامەندییان دەربڕیوە، تەنیا تورکیا و هەنگاریا ماون کە دەبێت رەزامەندییان بە پەرلەمانەکانیان تێپەڕێندرێت.
 
لە ناوەڕاستی ئەم مانگەدا سەرۆکانی هەردوو پەرلەمانی سوێد و فینلاند سەردانی تورکیا دەکەن و لەگەڵ هاوتاکەیان کۆدەبنەوە؛ بڕیاریشە لە چەند مانگی داهاتوودا، جارێكی دیکە کۆبوونەوەیەکی لووتکە لەنێوان سەرۆکانی ئەو سێ وڵاتە ئەنجام بدرێت.