کۆمەڵەی هاریکاری بۆ مافەکانی مرۆڤ و ستەملێکراوان: دەبێت دەستووری تورکیا هەموار بکرێتەوە

 
رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی کۆمەڵەی هاریکاری بۆ مافەکانی مرۆڤ و ستەملێکراوان (مەزڵومدەر) دەڵێت، دەبێت حکومەتی تورکیا هەنگاو بۆ سەرخستنی پڕۆسەی چارەسەری بنێت؛ بە پێویستی دەزانێت بۆ ئەو مەبەستەش دەستووری تورکیا هەمواربکرێتەوە.
 
ئەحمەد فاروق ئویساڵ، سەرۆکی کۆمەڵەی هاریکاری بۆ مافەکانی مرۆڤ و ستەملێکراوان، رۆژی هەینی، 9ی ئایاری 2025 بە رووداوی راگەیاند، دەبێت حکومەتی تورکیا هەنگاوی کردەیی بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری بنێت.
 
27ی شوباتی ئەم ساڵ بانگەوازی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە کە تێیدا داوای کۆنگرە بەستن و خۆهەڵوەشاندنەوەی لە حزبەکەی کرد، لەلایەن پەروین بوڵدان، پەرلەمانتاری دەم پارتی لە بازنەی وان و ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورەشارەوانیی مێردین، بە تورکی و کوردی خوێندرایەوە.
 
دوای خوێندنەوەی بانگەوازەکەی ئۆجەلان، سری سورەییا ئۆندەر، بریکاری کۆچکردووی پێشووی سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گوتی، ئۆجەلان نووسراوێکی پێ داوە کە لە بانگەوازەکەدا نەبووە. 
 
ئەحمەد فاروق ئویساڵ لەبارەی ئەو نووسراوەی ئۆجەلان گوتی، "سەرەتا پێویستە مافی هیوا بۆ ئۆجەلان فەراهەم بکرێت. پێویستە ئۆجەلان پەیوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ رێکخراوەکەی (پەکەکە) و خەڵکدا هەبێت، چونکە ئەو یەکێکە لە ئەندازیارانی پرۆسەی ئاشتی."
 
ئویساڵ دەشڵێت، یەکێکی دیکە لە هەنگاوەکان کۆتاییهێنانە بە دانانی قەییوم بۆ شارەوانییەکانی دەم پارتی.
 
سەرۆکی کۆمەڵەی هاریکاری بۆ مافەکانی مرۆڤ و ستەملێکراوان پێیوایە، خوێندن بە زمانی کوردی، یەکێکی دیکەیە لەو بابەتانەی دەبێت حکومەتی تورکیا هەنگاویان بۆ بنێت؛ باسی لەوەش کرد، "خوێندن بە زمانی دایک بابەتێکی زۆر گرنگە. پەروەردە و فێرکردن لە قوتابخانەکان و بەکارهێنانی لە حکومەتە خۆجێییەکاندا زۆر گرنگە."
 
ئویساڵ لەبارەی "زیندانییانی سیاسی" گوتی، دەبێت حکومەتی تورکیا لێبووردنی گشتییان بۆ دەربکات؛ ئاماژە بەوەش دەکات، ئەمە رۆڵی لە سەرخستنی پرۆسەکە دەبێت.
 
بە بۆچوونی سەرۆکی کۆمەڵەی هاریکاری بۆ مافەکانی مرۆڤ و ستەملێکراوان، بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد، دەبێت دەستووری تورکیا هەمواربکرێتەوە؛ ئاماژەی بەوەشکرد:''ئەو بەربەستە دەستوورییانەی دژی کورد هەن، گرنگە هەڵبگیرێن. تورکیا ئەگەر لە نێوخۆدا کێشەی کورد چارەسەر بکات، رەنگدانەوەی لە سووریا و عێراقیش دەبێت. بەم جۆرە تورکیا دەبێتە سیمبوولی دیموکراسی لە ناوچەکە''.
 
لە تشرینی یەکەمی پاردا هەنگاوێک لەلایەن حکومەتی تورکیاوە بۆ پرۆسەی چارەسەری نرا کە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" و لەلایەن دەم پارتییشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەبرێت.
 
شاندی ئیمرالیی دەم پارتی چوار جار سەردانی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکەی کردووە و پەیامەکانی ئەویان بە رای گشتی گەیاندووە؛ ئۆجەلان داوای لە پەکەکە کرد، کۆنگرە ببەستێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
 
پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەمڕۆ رایگەیاند، کۆنگرەی 12ـەمیان لە رۆژانی 5 بۆ 7ـی ئەم مانگە لە هەرێمەکانی پاراستنی میدیا بەڕێوەبردووە و لە داهاتوویەکی نزیکیشدا زانیاری لەبارەی کۆنگرەکە بڵاودەکەنەوە.