کڵچدارئۆغڵو: لە گوند و شارەدێیەکاندا ئەردۆغان و لە شارە گەورەکاندا من دەرچووم


رووداو دیجیتاڵ

سەرۆکی جەهەپە دەڵێت، لە گوند و شارەدێیەکاندا رەجەب تەیب ئەردۆغان زۆرینەی دەنگەکانی بەدەستهێنا و خۆشی لە شارە گەورەکاندا زۆرینەی دەنگەکانی بردووەتەوە. دەشڵێت: "دۆڕاین، بەڵام رووبەڕووی شکستێکی گەورە نەبووینەوە." 
 
رۆژی هەینی 9ی حوزەیرانی 2023، کەمال کڵچدارئۆغڵو لە بەرنامەیەکی راستەوخۆدا وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانانی دایەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ دوایین پێشهاتەکان بەگشتیی و هەڵبژاردنەکانی 14 و 28ی ئایار کرد. 
 
کەمال کڵچدارئۆغڵو باسی لەوە کرد، پارتەکەی و هاوپەیمانیی میللـەت ساڵێک و نیو پێش هەڵبژاردنەکان، ئامادەکاریی تەواویان کردبوو بۆ پاراستنی سندووقی دەنگدان و کارکردن لەسەر سیستمی کۆکردنەوە و هەڵاوێرکردنی دەنگەکان و ئاماژەی بەوە کرد، ئەنجامی کۆمپانیاکانی راپرسی دەریانخست کە گۆڕانکاری لە دەسەڵات دەکرێت و سەرۆککۆماریش دەگۆڕدرێت "ئێمەش باوەڕمان بەم ئەنجامانە دەکرد." 
 
لەبارەی هۆکاری شکستی کڵچدارئۆغڵو وەک بەربژێر و هاوپەیمانیی میللـەت لە پرۆسەی دەنگدانی گشتیدا، سەرۆکی جەهەپە رایگەیاند، لە گوند و شارەدێیە دوورەدەستەکاندا بەتایبەتی لەو شوێنانەی یەک سندووق و دوو سندووق دانرابوون، نوێنەر و چاودێری سەر سندووقەکانیان نەبووە و لەم سندووقانەشدا ئەردۆغان زۆرینەی رەهای دەنگەکانی بەدەستهێنا. 
 
راشیگەیاند، بەتایبەتی لە گوندەکان تەنیا پەخشی کەناڵی فەرمی دەوڵەت تەرەتە TRT وەردەگیرێت و گوندنشینان پەیوەندییەکی دروستیان لەگەڵ تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا نییە، بۆیە هەمیشە ئەردۆغانیان لەسەر شاشەدا دەبینی. بەڵام لە شارۆچکە و شارە گەورەکاندا بیرکردنەوەی خەڵک لە هەموو روویەکەوە جیاوازە. دانیشتووانی شار لە ئابووری تێدەگەن، دەزانن وڵات بەخراپی بەڕێوەدەچێت و لە ئازادی رادەربڕین، ئازادی راگەیاندن، یەکسانی و دادپەروەری تێدەگەن، بۆیە 51٪ی دەنگی شارەکان بۆ کڵچدارئۆغڵو بوو. 
 
کەمال کڵچدارئۆغڵو باسی لە دۆخی خۆی و هاوپەیمانیی میللـەت کرد لە رووها-ی باکووری کوردستان و رایگەیاند، کێشە و گرفتی زۆریان هەبوو، تەنانەت لە هەندێک شارۆچکە رێگەیان نەدەدا چالاکیی سیاسی و بانگەشەش بکەن و گوتی: "هاووڵاتیی بەپێڵاوی دڕاو هێرشی دەکردە سەر پەرلەمانتارانمان، لە کاتێکدا ئێمە بۆ بەدیهێنانی ئازادیی و خۆشگوزەرانی ئەوان چووینە ئەوێ، کەچی ئازاریان دەداین." 
 
سەرۆکی جەهەپە ئاماژەی بۆ شکستی خۆی و هاوپەیمانییەکەی کرد و رایگەیاند، سەرباری نایەکسانیی لە سەرجەم هاوکێشەکاندا، کەچی ئەرکی سەرشانی خۆمان بەجێگەیاند. دەرەنجام دۆڕاین بەڵام رووبەڕووی شکستێکی گەورە نەبووینەوە.  
 
لە وەڵامی پرسیاری دەستلەکارکێشانەوەی و ئەنجامدانی کۆنگرەی جەهەپە، کەمال کڵچدارئۆغڵو رایگەیاند، بەر لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی شارەوانییەکان، کۆنگرەی جەهەپە رێکدەخرێت و گۆڕانکاری زۆر لەنێو حیزب دەکرێت. 
 
کڵچدارئۆغڵو بەبێ ئاماژەدان بە دەست لەکارکێشانەوەی تیشکی خستە سەر داوای گۆڕانکاری لەلایەن ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ و رایگەیاند، ئیمامئۆغڵو مافی خۆیەتی بانگەشە بۆ گۆڕانکاری بکات. ئەگەر جەهەپە بڕیاری گۆڕانکاریدا، بەدڵنیاییەوە گۆڕانکاری دەکرێت. 
 
بەگوێرەی ئەنجامە فەرمییەکان؛ ئاکپارتی 268 کورسی، جەهەپە 169 کورسی، یەسەپە 61 کورسی، مەهەپە 50 کورسی، ئیی پارتی 43 کورسی، سەرلەنوێ رەفاهـ 5 کورسی و پارتی کرێکاری تورکیا 4 کورسی بەدەستهێنا. بەمەش هاوپەیمانیی جمهوور 323 کورسی، هاوپەیمانیی میللـەت 212 کورسی و هاوپەیمانیی رەنج و ئازادیی 65 کورسی بەدەستهێنا.
 
لە گەڕی دووەمی هەڵبژاردنی سەرۆککۆماریدا، رەجەب تەیب ئەردۆغان بەربژێری هاوپەیمانیی جهموور، 52.18٪ی دەنگەکان و  کەمال کڵچدارئۆغڵو بەربژێری هاوپەیمانیی میللـەت 47.82٪ دەنگەکانی بەدەستهێنا.