راپرسییەک: 68٪ـی هاووڵاتییانی تورکیا پشتگیریی پرۆسەی چارەسەری دەکەن

رووداو دیجیتاڵ

بەپێی راپرسییەکی ناوەندی لێکۆڵینەوە کۆمەڵایەتییەکانی ئەنقەرە (ئانار)، 68.4٪ـی هاووڵاتییانی تورکیا پشتگیریی پرۆسەی ئاشتی لەگەڵ پەکەکە دەکەن و 28.1٪ـی بەشداربووانیش رایانگەیاندووە کە پرۆسەکە بە ئەرێنی نابینن.
 
راپرسییەکە بە هاوبەشی لەگەڵ لەگەڵ ناوەندی توێژینەوەی ئەنادۆڵ (ARC) لەنێوان 9 و 15ـی گوڵانی 2025، لە 26 پارێزگا و بە بەشداریی 2069 کەس کراوە.
 
لە راپرسییەکەدا 68.4٪ـی بەشداربووان گوتوویانە پرۆسەکە بە "ئەرێنی" دەبینن و 28.1٪یشیان بە "نەرێنی" وەسفیان کردووە. هەروەها ٪3.5ی بەشداربووان گوتوویانە "هیچ بۆچوونێکیان نییە."
 
لە ڕاپرسییەکەدا پرسیار لە بەشداربووان کراوە، "ئایا پێتانوایە تورکیا پێویستیی بە دەستوورێکی نوێ هەیە؟" لە وەڵامدا 56.3٪ـی بەشداربووان بە "بەڵێ" و 40.2٪یش بە "نەخێر" وەڵامیان داوەتەوە. هاوکات 1.1٪ نە بەبەڵێ و نە بە نەخێر وەڵامی پرسیارەکەیان نەداوەتەوە. 2.4٪یش گوتوویانە "بۆچوونم نییە".
 
لە یەکی تشرینی یەکەمی پاردا هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن دەسەڵاتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر" و لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناودەهێندرێت.
 
دوای بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە لە 27ی شوباتی ئەم ساڵ، کە داوای کرد گەریلاکانی پەکەکە چەکەکانیان دابنێن، بڕیارە سبەی هەینی 11ـی تەمموز، گرووپێک گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) وەکو "نیازپاکی" چەکەکانیان دابنێن.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رووداو، رێوڕەسمەکە لە سنووری بناری قەندیل لە ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین لە پارێزگای سلێمانی بەڕێوەدەچێت.