دەوڵەت باخچەلی: چاوەڕێم تاوەکو کۆتایی ساڵ پرۆسەی ئاشتی تەواو بێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەهەپە)، رایگەیاند، چاوەڕوانە تاوەکو کۆتایی ئەم ساڵ کارەکانی پەیوەست بە پرۆسەی چارەسەری تەواو ببن. دەشڵێت، سووتاندنی چەک هەڵوێستێکی "واتادارترە" و مانای ئەوەیە "جارێکی دیکە دەست بۆ چەک نابەینەوە".
قسەکانی دەوڵەت باخچەلی ئەمڕۆ یەکشەممە 10ـی ئابی 2025، لە کاتی پێشوازیکردنیدا بوو لە نەجات گولسەڤەن، سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردنی 'گویلسەڤەن میدیا' و دەنیز گورەل، بەڕێوەبەری گشتیی کەناڵی (Tv100) لە بارەگای سەرەکیی پارتەکەی لە ئەنقەرە.
باخچەلی باسی لە گرنگیی کارەکانی لیژنەکەی پەرلەمانی تورکیا کرد و داوای کرد هەموو پارتە سیاسییەکان پاڵپشتیی پرۆسەکە بکەن.
سەرۆکی مەهەپە ئاماژەی بەوە کرد، پابەندبوونی تەواوەتیی پەکەکە بە بانگەوازەکەی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، دامەزرێنەری پەکەکە، بۆ هەڵوەشاندنەوەی، دەرگای بەڕووی پێشهاتە ئەرێنییەکاندا کردووەتەوە و گوتی، "سووتاندنی چەک لەبری شاردنەوەی لەژێر خاک، هەڵوێستێکی واتادارە. شاردنەوەی چەک لەژێر خاکدا رەنگە بە مانای ئەوە بێت کە دواتر دەربهێنرێتەوە و بەکاربهێنرێتەوە، بەڵام سووتاندنی چەک مانای ئەوەیە جارێکی دیکە دەستمان بۆ چەک نابەینەوە'".
هەر لە دیدارەکەدا باخچەلی گوتوویەتی: "وەک مەهەپە، بە دڵسۆزییەوە کارەکانمان دەکەین بۆ ئەوەی کەشی ئاشتی ببێتە واقیع. پێویستە کوردیش خاوەنداریێتی لەم کارانە بکات و بەبێ جیاوازی پشتگیریی لێبکات".
باخچەلی باسی لەوە کردووە لەم دواییانەدا لە تەلەڤزیۆن بینیویەتی گەنجێکی تەمەن 14-15 ساڵان لە شەقامەکانی ئامەد بە شەو بە دۆندرمەوە پیاسەی کردووە و گوتی: "بینینی ئەم دیمەنە بە تەنیا هیوایەکی گەورە دەبەخشێت و نیشانەی ئەوەیە کاتی ئەوە هاتووە فرمێسکەکان بوەستن و ژیان ئاسایی ببێتەوە و هاووڵاتییان لە هەموو شوێنێک بەبێ نیگەرانی و بە ئارامی بژین".
پرۆسەی چارەسەریی ئەمجارەی تورکیا 1ی تشرینی یەکەمی پار بە دەستپێشخەریی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) دەستیپێکرد.
بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەکە، عەبدوڵڵا ئۆجەلان 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.
رۆژی 11ی تەممووزی ئەم ساڵ، 30 گەریلای پەکەکە لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی سەر بە پارێزگای سلێمانی بەشێوەیەکی سیمبوولی و وەک ''نیازپاکییەک'' چەکەکانیان سووتاند.