قەرەیلان: چەکدانانی هەسەدە و پژاک پەیوەندیی بە دۆخی سووریا و ئێرانەوە هەیە
رووداو دیجیتاڵ
فەرماندەیەکی باڵای هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) لەبارەی پرۆسەی چارەسەری دەڵێت: ''ئێمە دڵسۆزین و رژدین، ئەگەر دەوڵەتیش (تورکیا) هەمان شێوە مامەڵە بکات، پرۆسەکە سەرکەوتوو دەبێت''. لەبارەی بانگەوازەکەی 27ی شوباتی ئەم ساڵی عەبدوڵڵا ئۆجەلان ئاماژە بەوە دەکات: ''چەکدانانی هەسەدە و پژاک، پەیوەندیی بە دۆخی سووریا و ئێران هەیە، دۆخەکە بڕیار دەدات ئایا پێویستی بە چەکە یان نا''.
میدیای نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) ئەمڕۆ یەکشەممە، 10ی ئابی 2025، بەشی دووەم و کۆتایی ئەو هەڤپەینەی بڵاوکردەوە کە شەوی هەینی، 8ی ئەم مانگە لەگەڵ موراد قەرەیلان، فەرماندەی باڵای (هەپەگە) کردبووی.
هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە)، باڵی سەربازیی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە)یە.
فەرماندەی باڵای هەپەگە لەبارەی پرۆسەی چارەسەری گوتی: ''ئێمە راستگۆین و جیدین. ئەگەر دەوڵەتیش (تورکیا) بەهەمان شێوە مامەڵە بکات و بڕیاری متمانەبەخش دەربکات، پرۆسەکە سەرکەوتوو دەبێت''.
قەرەیلان، پێکهێنانی لیژنەی ''هاوپشتیی نیشتیمانی، برایەتی و دیموکراسی''ی بە ''هەنگاوێکی ئەرێنی و بەجێ'' بۆ سەرخستنی پرۆسەکە ناوبرد و گوتی: ''هیوادارین لیژنەکە چارەسەرێکی هەمیشەیی بۆ پرسی کورد بدۆزێتەوە کە پرسێکی سەت ساڵەیە''.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، چەک دابنێت.
حکومەتی تورکیا دەڵێت، هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) لە رۆژئاوای کوردستان و پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک) لە رۆژهەڵاتی کوردستان ''هەردووکیان درێژکراوەی پەکەکەن'' و دەبێت ئەوانیش چەک دابنێن.
قەرەیلان لەمبارەیەوە گوتی: ''خەباتی چەکداری لە رێچکەی رێبەر ئاپۆدا، رێگەیەکی یەکلاکەرەوە نییە. واتە رێبەر ئاپۆ بە بانگەوازەکەی، کۆتایی بە ستراتیژیی خەباتی چەکداری هێناوە. ئەمە هەمووان دەگرێتەوە جا هەر بەش و لایەنێک (هەسەدە و پژاک) بێت. هەرکەسێک باوەڕی بە بۆچوونەکانی رێبەر ئاپۆ هەبێت، دەبێت بزانێت، ئیدی ستراتیژ لەلای ئێمە خەباتی چەکداری و شەڕ نییە، بەڵکو سیاسەتی دیموکراسییە''.
وەک فەرماندەی باڵای هەپەگە دەڵێت، ''کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری لەگەڵ چەکدانان، دوو بابەتی لێک جیاوازن''، ئاماژەی بەوەش کرد: ''چەکدانان بابەتێکە دەکەوێتە چوارچێوەی تاکتیکەوە. واتە، لە هەر وڵاتێکدا هەلومەرج چۆن بێت، بەگوێرەی ئەوە بڕیار دەدرێت ئایا چەک پێویستە یان نا''.
قەرەیلان لەبارەی هەسەدەوە گوتی: ''هیچ دەستوور و یاسایەک لە سووریا نییە کە متمانە بە خەڵک بدات، کەچی دەگوترێت با هەسەدە چەک دابنێت. پێش هەموو شتێک پێویستە لە سووریا یاسا هەبێت و دەستوور لەلایەن هەمووانەوە قبووڵ بکرێت. ئەوان (هەسەدە) ئیدی چەک دژی تورکیا بەکارناهێنن، نەک تەنیا دژی تورکیا، بەڵکو دژی هیچ لایەنێک بەکاریناهێنن. ئەگەر لایەنێکیش هێرشیان بکاتە سەر، بێگومان مافی بەرگریکردن لە خۆیان هەیە و بەرگری لە خۆیان دەکەن''.
فەرماندەی باڵای هەپەگە لەبارەی پژاکەوە ئاماژەی بەوە کرد: ''ئێمەش پێمانوایە کە پێویستە چەک دابنێت، بەڵام دەبێت پژاک و دەوڵەتی ئێران گفتوگۆ بکەن و چەکدانانەکە لەسەر بنەمای چارەسەری سیاس بێت. رەنگە ئەوان لەوێ پێویستیان بە چەک هەبێت و نەتوانن بەبێ چەک بەرگری لە خۆیان بکەن. ئەگەر هێزێک، بوونی لە مەترسیدا بێت، ئەوا پارێزگاری لە بوونی خۆی دەکات و ئەمەش مافێکی رەوای خۆیەتی''.