راوێژکارێکی ئەردۆغان لەبارەی لیژنەکەی پەرلەمان: نابێت ئەم ئەرکە مەزنە بەهەدەر بدرێت

رووداو دیجیتاڵ
 
 راوێژکارێکی باڵای سەرۆککۆماری تورکیا لیژنەی ''هاوپشتیی نیشتیمانی، برایەتی و دیموکراسی''  بە ''هەلێکی مێژوویی'' بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری وەسف دەکات و دەڵێت: ''نابێت ئەم ئەرکە مەزنە بەهەدەر بدرێت''.
 
محەممەد ئوچووم، یەکێک لە راوێژکارە باڵاکانی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا رۆژی یەکشەممە، 10ـی ئابی 2025، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس نووسی: ''لیژنەی هاوپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی، لە قۆناخێکی وەها مێژووییدا کە سەرەتای بەرەپێشچوونی تورکیایە، رۆڵێکی مێژوویی بینیوە''.
 
ئوچووم ئاماژەی بەوەش کرد، باوەڕی تەواویان هەیە کە لیژنەکە رۆڵی لە نەهێشتنی هەموو ئەو بەربەستانە دەبێت کە دەخرێنە بەردەم پرۆسەی چارەسەری.
 
راوێژکارە باڵای ئەردۆغان رەخنەی لە هەموو ئەوانە گرت کە لیژنەکە بە ئامرازێکی دانوستاندن لە پرۆسەی چارەسەری ناودەبەن و گوتی، ''نابێت ئەم ئەرکە مەزنە بەفیڕۆ بدرێت''.
 
''لیژنەی هاوپشتیی نیشتمانی، برایەتی و دیموکراسی'' کە بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا پێکهێندراوە، تاوەکو ئێستا دوو کۆبوونەوەی کردووە و کۆبوونەوەکانیش لە رۆژانی سێشەممە و هەینیی هەفتەی رابردوو بەڕێوەچوون.
 
ئەگەرچی بڕیاردراوە لیژنەکە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی هەموو هەفتەیەک کۆببێتەوە، بەڵام دەکرێت بەپێی پێویست ئەو رۆژانە بگۆڕدرێن و ژمارەی کۆبوونەوەکانیش بۆ یەک رۆژ کەم بکرێنەوە.
 
سێیەمین کۆبوونەوەی لیژنەکە، کاژێر 14:00ی رۆژی سێشەممەی ئەم هەفتەیە بەڕێوەدەچێت.
 
ئەو لیژنەیە لەسەر پێشنیازی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی تورکیا (مەهەپە) بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری پێکهێندرا.