ئەم هەفتەیە لە 7 پارێزگای تورکیا تیروپشک بۆ دابەشکردنی شوقە دەکرێت

رووداو دیجیتاڵ

وەزیری ژینگە، شارسازی و گۆڕانی کەشوهەوای تورکیا رایگەیاند، لە چوارچێوەی "پڕۆژەی نیشتەجێبوونی سەدە"دا، ئەم هەفتەیە لە 7 پارێزگای دیکە تیروپشک بۆ دیاریکردنی ناوی ئەو کەسانە دەکرێت کە یەکەی نیشتەجێبوونیان بەردەکەوێت.
 
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتەکە، دوو هەفتەی یەکەمی تیروپشکی پڕۆژەی نیشتەجێبوون کە لەلایەن دەستەی گشتیی خانووبەرەی تورکیا (تۆکی)ـیەوە جێبەجێ دەکرێت، کۆتایی هات. پرۆسەی تیروپشکەکە لە 29ی کانوونی یەکەمی 2025 دەستیپێکرد، ئەمڕۆ بە ئەنجامدانی تیروپشک لە پارێزگای دێرسم، لە 16 پارێزگا تەواو بوو.
 
لە پارێزگاکانی ئێلیە، شرنەخ، هەکاری، سێرت، وان، مێردین، ئاگری، سەمسوور، ئیدر، بەدلیس، قەرس، مووش، ئەردەخان، ئەنتاڵیا، چەولیگ و دێرسم، ناوی خاوەنی 54,307 یەکەی نیشتەجێبوون لەبەردەم نوێنەری دادنووس دیاریکران.
 
موراد کوروم، وەزیری ژینگە، شارسازی و گۆڕانی کەشوهەوای تورکیا لە پۆستێکدا لە هەژماری تۆڕی کۆمەڵایەتیدا، خشتەی تیروپشکی رۆژانی 12-18ی کانوونی دووەمی 2026ـی بڵاوکردەوە و رایگەیاند:
 
تاوەکو ئێستا 18 پارێزگامان تەواو بوون. ئەم هەفتەیە بە دروشمی 'تورکیای خاوەن ماڵ' لە 7 شاری دیکەدا دڵخۆشیی تیروپشک بەڕێوەدەچێت. لەو پارێزگایانەی تیروپشکی پڕۆژەی نیشتەجێبوونی سەدەیان تێدا دەکرێت، بەخێرایی دەست بە دروستکردنی یەکەکانمان دەکەین. بەم پڕۆژەیە کە بەهای 1.5 تریلیۆن دۆلارە، نزیکەی 300 کەرتی جیاواز دەبووژێنەوە، هەلی کار زیاد دەکات و ئابوورییەکەمان بەهێزتر دەبێت. 86 ملیۆن هاووڵاتی سوودمەند دەبن."
 
بەگوێرەی خشتەی تیروپشکەکە، سبەی لە گوموشهانە بۆ 940 یەکە و لە بایبورت بۆ 723 یەکە، رۆژی پێنجشەممە 15ی کانوونی دووەم لە ئارتڤین بۆ 1020 یەکە و لە ریزە بۆ 2,042 یەکە، رۆژی شەممە 17ی کانوونی دووەم لە ئەرزەڕۆم بۆ 4,905 یەکە و لە مەلەتێ بۆ 9,659 یەکە، هەروەها رۆژی یەکشەممە 18ی کانوونی دووەم لە ئەرزینگان بۆ 1,760 یەکەی نیشتەجێبوون تیروپشک دەکرێت.
 
بەمشێوەیە، لە ماوەی 12-18ی کانوونی دووەمدا، ناوی خاوەنی 21,049 یەکەی دیکەی نیشتەجێبوون دیاری دەکرێن. بڕیارە رۆژی شەممە 17ی کانوونی دووەم، موراد کوروم بەشداری لە رێوڕەسمی تیروپشکەکەدا بکات کە لە مەلەتی بەڕێوەدەچێت.