بەهۆی وەزیرە نوێیەکانەوە شەڕەبۆکس لە پەرلەمانی تورکیا روویدا

رووداو دیجیتاڵ

لە پەرلەمانی تورکیا گرژی و ئاڵۆزی لەنێوان پەرلەمانتارانی جەهەپە و ئاکپارتی دروستبوو و گۆڕدرا بۆ شەڕەبۆکس؛ هۆکارەکەشی بۆ رێگریکردن لە سوێندخواردنی وەزیرە نوێیەکانی کابینەکەی ئەردۆغان دەگەڕێتەوە.
 
ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی شوباتی 2026، لە دانیشتنی پەرلەمانی تورکیادا بڕیاربوو رێوڕەسمی سوێندخواردنی ئاکن گورلەک، وەزیری نوێی داد و مستەفا چفتچی، وەزیری نوێی ناوخۆی تورکیا بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی ناڕەزایەتیی پەرلەمانتارانی جەهەپەوە پشێوی دروستبوو.
 
دوای ئەوەی بەکر بۆزداغ، یاریدەدەری سەرۆکی پەرلەمان نووسراوی رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیای بۆ دەستنیشانکردنی وەزیرە نوێیەکان خوێندەوە و بانگهێشتی کردن بۆ سەر سەکۆی پەرلەمان، فراکسیۆنی پارتی گەلی کۆماری (CHP) ناڕەزایەتی تووندی دەربڕی.
 
جەهەپە رایگەیاند، دەستنیشانکردنی ئاکن گورلەک "نادەستوورییە"، بەو پێیەی هێشتا لە پۆستی سەرۆکی داواکاری گشتیی ئیستەنبووڵ بەردەوامە و دەستی لەکارنەکێشاوەتەوە.
 

 

لەو کاتەی ئاکن گورلەک ویستی بچێتە سەر سەکۆی پەرلەمان، پەرلەمانتارانی جەهەپە هەوڵیان دا رێگری لێبکەن و دەستیان بەسەر سەکۆکەدا گرت؛
لەبەرامبەردا پەرلەمانتارانی ئاکپارتی (AKP) بۆ پاراستنی وەزیرەکان، لەبەردەم سەکۆکەدا دیواری مرۆییان دروستکرد.
 
بەهۆی ئەو دۆخەوە، گرژییەکان تەشەنەیان سەند و شەڕەبۆکس لەنێوان پەرلەمانتارانی ئۆپۆزیسیۆن و دەسەڵات روویدا.
 
سەرەڕای گرژییەکان، دواجار ئاکن گورلەک وەکو وەزیری داد و مستەفا چفتچی وەکو وەزیری ناوخۆ، سوێندی یاساییان خوارد و دەستبەکاربوون.