تورکیا: لێدوانەکانی هاکان فیدان دەربارەی عێراق شێوێندراون


رووداو دیجیتاڵ

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا رەتیدەکاتەوە لێدوانەکانی وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی دەستوەردان بێت لە کاروباری نێوخۆی عێراق و رایدەگەیێنێت، هەندێک دەزگای میدیایی عێراقی لێدوانەکانیان شێواندووە.
 
ئێوارەی رۆژی چوارشەممە 11-02-2026، ئۆنجو کەچەلی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، راگەیێندراوێکی سەبارەت بە کاردانەوەکانی میدیای عێراق بەرامبەر لێدوانەکانی هاکان فیدان بڵاوکردەوە و نووسیویەتی: "پێدەچێت هەندێک لە لێدوانەکانی بەڕێز وەزیرمان لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤزیۆنیدا لە 9ی شوباتی 2026، لەلایەن هەندێک دەزگای میدیایی لە عێراقەوە شێوێندرابن."
 
کەچەلی ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانجی تورکیا پەرەپێدانی هاوئاهەنگییە لەگەڵ عێراق لە هەموو بوارەکاندا، بەتایبەتی لە پرسی ئاسایش و بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، گوتیشی: "مەبەست لە لێدوانەکانی وەزیر، سەرنجڕاکێشان بووە بۆ ئەو هەڕەشەیەی کە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لەسەر یەکپارچەیی خاک و ئاسایشی عێراق دروستی کردووە، کە لە ناوچەکانی شنگال، مەخموور و قەندیل هێلانەیان کردووە."
 
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە واڵاتەکەی سوورە لەسەر لەناوبردنی پەکەکە لە خاکی عێراق، وەک چۆن لە سووریا دەیکەن، هاوکات ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە کە باس لە دەستوەردانی تورکیا لە کاروباری عێراق دەکەن و گوتی: "دووپاتیدەکەینەوە پشتگیری لە یەکپارچەیی خاک و سەروەریی عێراقی دراوسێمان دەکەین."
 
ئەم روونکردنەوەیەی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا دوای لێدوانێکی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە دێت کە لە 9ـی شوبات لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ کەناڵی (سی ئێن ئێن تورک) گوتبووی: "هیوادارم لە عێراق وانە لەوەی سووریا وەربگرن و بڕیارێکی ژیرانەتر بدەن."
 
فیدان لەو هەڤپەیڤینەدا باسی لەوە کردبوو، پەکەکە خاکی زۆر فراوانی لە عێراق داگیرکردووە و حکومەتی عێراقی بەوە تۆمەتبار کردبوو رێگە دەدات خاکەکەی داگیر بکرێت، لەبارەی شنگالیشەوە گوتبووی: "کاتێک حەشدی شەعبی لە وشکانییەوە پێشڕەوی بکات و ئێمەش لە ئاسمانەوە ئۆپەراسیۆن بکەین، بابەتەکە 2 یان 3 رۆژی دەوێت و زیاتر ناخایەنێت؛ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی هێندە سادەیە."