تورکیا لە هەفتەیەکدا دەست بەسەر 659 کیلۆگرام هۆشبەردا گیرا


رووداو دیجیتاڵ

تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پاراستنی گومرگەکانی سەر بە وەزارەتی بازرگانیی تورکیا رایانگەیاند، هەفتەی رابردوودا لە دەروازە سنوورییەکانی گوربولاک، کاپیکولە، کاپیکۆی و ئیپسالا و فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ، دەستیان بەسەر 659 کیلۆگرام مادەی هۆشبەردا گرتووە.
 
وەزارەتی بازرگانیی تورکیا لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، لە چوارچێوەی بەرەنگاربوونەوەی قاچاخچێتیی مادەی هۆشبەر، بەردەوامن لە هەوڵەکانیان و لە هەفتەیەکدا لە 6 ئۆپەراسیۆندا گورزێکی بەهێزیان لە قاچاخچییانی مادەی هۆشبەر وەشاندووە.
 
بەپێی راگەیێندراوەکە، مادە هۆشبەرەکان بەمشێوەیە دەستیان بەسەردا گیراوە: 
 
فڕۆکەخانەی ئیستەنبووڵ: 173 کیلۆگرام حەشیش.
دەروازەی سنووریی گوربولاک (تورکیا - ئێران): 286 کیلۆگرام میتامفیتامین.
دەروازەی سنووریی کاپیکۆی (تورکیا - ئێران): 25 کیلۆگرام حەشیش.
دەروازەی سنووریی کاپیکولە (تورکیا - بوڵگاریا): 153 کیلۆگرام حەشیش.
دەروازەی سنووریی ئیپسالا (تورکیا - یۆنان): 22 کیلۆگرام حەشیش.
 
وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشکردووە، هۆشبەرە دەستبەسەرداگیراوەکان لەنێوبراون و لێکۆڵینەوە لەبارەی ئۆپەراسیۆنەکانەوە لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی شارەکانی ئەدیرنە، ئەرزەڕۆم و وان بەردەوامە.
 
لە راگەیێندراوەکەدا، قاچاخچێتیی مادەی هۆشبەر بە "کارەساتی جیهانیی سەدە" ناوبراوە و جەخت لەوە کراوەتەوە کە ئەو ئۆپەراسیۆنانە بۆ پاراستنی تەندروستیی گشتی، دوورخستنەوەی گەنجان لە هەڕەشەی ئاڵوودەبوون، وشککردنی سەرچاوە داراییەکانی رێکخراوە تاوانکارییەکان و پاراستنی ئاسایشی گشتی گرنگییەکی زۆریان هەیە.