هاکان فیدان لەبارەی چەکدانانی گرووپێکی پەکەکە: هەنگاوێکی زۆر گرنگ و دڵخۆشکەر نرا
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دەرەوەی تورکیا لەبارەی چەکدانانی گرووپێکی گەریلای پەکەکە لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەڵێت، "هەنگاوێکی زۆر گرنگ و دڵخۆشکەر نرا." ئاماژە بەوەش دەکات، "پیرۆزبایی لە هەموو بەرپرسانی دەوڵەت دەکەم، کە هەوڵەکانیان چڕ کردەوە بۆ سەرخستن و بەدیهێنانی ئەم ئیرادە مەزنە."
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی 11ی تەممووزی 2025 هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی ئێکس پەیامێکی بڵاوکردەوە و نووسیویەتی، "ئەمڕۆ هەنگاوێکی زۆر گرنگ و دڵخۆشکەر بە ئاراستەی ئامانجی تورکیایەکی بێ تیرۆر نرا. ئاواتی هاوبەشی گەلەکەمان ئەوەیە ئەم پێشهاتە خێرە بگۆڕدرێت بۆ پرۆسەیەک کە ببێتە هۆی نەهێشتنی یەکجارەکیی تیرۆر."
فیدان ئاماژەی بەوەش کردووە، "بەڕێز سەرۆککۆمارمان پێشەوایەتییەکی مێژوویی نیشانداوە و لەگەڵ بەڕێز دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەهەپە، ویستێکی بەهێز و جێگیریان خستوەتەڕوو. پیرۆزبایی لە هەموو بەرپرسانی دەوڵەت دەکەم، کە هەوڵەکانیان چڕ کردەوە بۆ سەرخستن و بەدیهێنانی ئەم ئیرادە مەزنە."
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی لەوەش کردووە، "تاوەکو ئەو کاتەی کەجەکە بە هەموو پێکهاتە و توخمەکانییەوە هەڕەشە نابێت بۆ سەر وڵاتەکەمان، گەلەکەمان و جوگرافیاکەمان، لە ئامادەباشیدا دەبین."
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، گرووپێکی گەریلای پەکەکە کە ژمارەیان 30 گەریلا بوو، لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دانا. بەسێ هۆزات، هاوسەرۆکی جێبەجێکاری کەجەکەش یەکێک بوو لەو گەریلایانە.
چەکدانانای سیمبوولیی پەکەکە لە کاتێکدایە، یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن حکومەتی تورکیا بە "تورکیایەکی بێ تیرۆر"، لەلایەن دەم پارتیشەوە بە "پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکردنی پرسی کورد" ناو دەبرێت.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری 26 ساڵ زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، 27ـی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ـی ئایاری ئەم ساڵ، 12ـەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.