سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی چەکدانانی یەکەم گرووپی پەکەکە: هێشتا چەکی زۆر ماون کۆبکرێنەوە
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی چەکدانانی گرووپێک گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) دەڵێت: ''پرۆسەکە بەردەوامە و هێشتا چەکی زۆر ماوە کۆبکرێنەوە''؛ ئاماژە بەوەش دەکات، بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری، دەبێت پارتەکە ''بە کرداری'' خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
نوعمان کورتووڵمووش، سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا رۆژی هەینی، 11ی تەممووزی 2025 لە بۆسنە، قسەی بۆ میدیای وڵاتەکەی کرد و بەشێکی قسەکانی تایبەت بوون بە پرۆسەی چارەسەری.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا لەبارەی چەکدانانی یەکەمین گرووپی گەریلای پەکەکە راگەیاند: ''پرۆسەکە بەردەوام دەبێت و هێشتا چەکی زۆر ماون کۆبکرێنەوە. گرنگە جارێکی دیکە چەکەکان هەڵنەگیرێنەوە''.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا ئاماژەی بەوە کرد، بۆ سەرخستنی پرۆسەکە، دەبێت پەکەکە بە ''کرداری'' خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
کورتوڵمووش پێی وایە، پرۆسەی چارەسەری پرسی هەموو تورکیایە، نەوەک بە تەنیا پرسی پارتێک؛ گوتیشی: ''پرۆسەکە سەربگرێت، دەستکەوتەکەی بۆ هەموو تورکیا دەبێ''.
لەبارەی ئەو لیژنەیەی کە بڕیارە لە ماوەی داهاتوودا بۆ سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری لە پەرلەمانی تورکیا پێکبهێندرێت، کورتوڵمووش گوتی: ''کاری پێکهێنانی لیژنەکە لە تەواوبووندایە''.
سەرۆکی پەرلەمانی تورکیا گوتی، ئامانجیان لە پێکهێنانی لیژنەکە کۆتاییهێنانە بە شەڕی پەکەکە و سوپای وڵاتەکەی و گوتیشی: ''بیرۆکەی سەرەکیمان ئەوەیە، برایەتی و یەکگرتوویی لەنێوان تورک، کورد، عەلەوی، سوننە، کۆی 85 ملیۆن کەس بەرقەرار بکەین''.
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی، گرووپێکی گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کە ژمارەیان 30 گەریلا بوو، لە رێوڕەسمێکدا لە ئەشکەوتی جاسەنە لە ناوچەی سوورداشی پارێزگای سلێمانی چەکەکانیان دانا و سووتاندیانن.
چەکدانانی سیمبوولیی پەکەکە لەکاتێکدایە، یەکی تشرینی یەکەمی پار هەنگاوێک بۆ پرۆسەی چارەسەری لەلایەن حکومەتی تورکیاوە نرا. ئەم پرۆسەیە لەلایەن حکومەتی تورکیا بە ''تورکیای بێ تیرۆر'' و لەلایەن دەمپارتیشەوە بە ''چارەسەرکردنی پرسی کورد'' ناودەبرێت.
عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە، بە مەبەستی سەرخستنی پرۆسەی چارەسەری ئەم جارەی تورکیا، 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد، کۆنگرە ببەستێت، خۆی هەڵبوەشێنێتەوە و چەک دابنێت.
پەکەکە لە 5-7ی ئایاری ئەم ساڵ، 12مین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری و خۆهەڵوەشاندنەوەی دا.