سەرۆکی پەسەکە: پێویستە تورکیا هەنگاو بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد بنێت
رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان، چەکدانانی پەکەکە بە هەنگاوێکی ئەرێنی بۆ پێشخستنی پڕۆسەی چارەسەری دەزانێت و دەڵێت، پێویستە ئۆجەلان و دەوڵەتی تورکیا هەڵوێستێکی شەفافیان بەرامبەر چارەسەرکردنی پرسی کورد هەبێت.
ئەمڕۆ هەینی 11-07-2025، بایرام بۆزیەل، سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان (پەسەکە) لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 11:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە سیما ئابخێزر پیشکێشیکرد، لەبارەی پڕۆسەی چارەسەری و چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) کە ئەمڕۆ لە باشووری کوردستان بەڕێوەچوو رایگەیاند، بانگهێشت کراون بۆ رێوڕەسمەکە، بەڵام بۆیان نەگونجاوە بەشداری تێدا بکەن.
بایرام بۆزیەل چەکدانانی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) بە هەنگاوێکی ئەرێنی دەزانێت بۆ پێشخستنی پڕۆسەی چارەسەری و گوتی، لەمێژە گەلی کورد چاوەڕێیە کۆتایی بە شەڕ و زیانەکانی بهێنرێت.'
سەرۆکی پەسەکە لەبارەی هەنگاوی تورکیا لەدوای چەکدانانی پەکەکە گوتی: ''تاوەکو ئێستا پەیامێکی روون بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد لەلایەن دەوڵەتەوە نییە، رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا پڕۆسەکە تەنیا بە 'کۆتاییهێنان بە تیرۆر' پێناسە دەکات کە ئەمەش هەڵەیە''.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی میدیایی رووداو، 30 گەریلا لە رێوڕەسمەکەی ئەمڕۆدا لە ئەشکەوتی جاسەنەی سنووری پارێزگای سلێمانی چەکیان دانا، ئەوەش بەمەبستی پیشاندانی نیازپاکی بۆ پێشخستنی پڕۆسەی چارەسەری. بایرام بۆزیەل جەختی لەوە کردەوە، ''پرسی کورد جیاوازە لە پرسی چەکدانان و هەڵوەشاندنەوەی پەکەکە، 200 ساڵە گەلی کورد بۆ مافی رەوای خۆی تێدەکۆشێت.''
بەگوتەی سەرۆکی پەسەکە، شەڕی 40 ساڵەی نێوان پەکەکە و تورکیا، زیانی زۆری بە کورد، تورکیا و ناوچەکە گەیاندووە، ''ئەگەر کۆتایی بە شەڕ بهێنرێت، زەوینە بۆ سیاسەتکردن خۆش دەبێت. واتا پرسی کورد ئەوەیە کە لەسەر خاکی خۆی بە ئازادی و بە شێوەی فیدراڵ بژیت.''
تورکیا، پارتی یەکێتیی دیموکرات (پەیەدە) و بە دیاریکراوی باڵە سەربازییەکەی (یەپەگە)، کە سەرەکیترین لایەنی پێکهێنەری هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـن، هەروەها پارتی ژیانی ئازادیی کوردستان (پژاک) کە لە ئێران و رۆژهەڵاتی کوردستان چالاکە، بە دوو لایەنی سەر بە پەکەکە دەزانێت، بەڵام خۆیان رەتی دەکەنەوە.
شەوی پێنجشەممە 10ـی تەممووز، عومەر چەلیک، گوتەبێژی ئاکپارتی لە چاوپێکەوتنێکی تەلەڤیزیۆینیدا گوتی، "باس لەوە دەکرێت کە لە سێ پۆلێنی سەرەکیدا چەکداماڵین و هەڵوەشاندنەوە روودەدات. ئەم سێ پۆلێنە بریتین لە پەکەکە لە عێراق، هەسەدە و پەیەدە لە سووریا، پژاک لە ئێران.''
بایرام بۆزیەل ئاماژەی بەوە کرد، ''ئەوە بۆچوونێکی هەڵەیە و لە بانگەوازییەکانی ئۆجەلانیشدا باسی رۆژئاوای کوردستان و رۆژهەڵاتی کوردستان نەکراوە. چارەنووسی ئەو ناوچانە دەبێت لەلایەن خەڵکی خۆیان دیاری بکرێت، نەوەک لەلایەن تورکیاوە''.
وەک سەرۆکی پارتی سۆسیالیستی کوردستان دەڵێت، راپرسییەکان دەرخەری ئەوەن کە 85٪ بۆ 90٪ـی خەڵکی باکووری کوردستان پاڵپشتیی چەکدانانی پەکەکە دەکەن، ''بەڵام لە هەمانکاتدا گومانیان لە پڕۆسەکە هەیە، چونکە هیچ ئاسۆیەکی روون و بەرنامەیەکی شەفاف بۆ چارەسەرکردنی پرسی کورد نابینن.''
بایرام بۆزیەل جەختی لەوە کردەوە، وەکو هەنگاوێکی ئەرێنیی تورکیا، ''پێویستە دوای چەکدانانی پەکەکە زیندانییە سیاسییەکان ئازاد بکرێن و مافی کورد بدرێت. هەروەها دەبێت هەرچی زووتر دەوڵەتی تورکیا و عەبدوڵڵا ئۆجەلان (رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە) هەڵوێستی خۆیان سەبارەت بە پرسی کورد روون بکەنەوە.''
بەگوتەی سەرۆکی پەسەکە، خەڵکی باکووری کوردستان خوازیاری سیستمی فیدراڵین و وەکو نموونەیەکی سەرکەوتوو، ئاماژە بە سیستمی بەڕێوەبەری هەرێمی کوردستان دەکات و دەڵێت، ''خوازیاری سیستمێکی بەڕێوەبەریی لەو شێوەیەین''.
دوای چەند سەردانێکی شاندی دەم پارتی بۆ لای عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە ئیمراڵی، رێبەری پەکەکە لە 27ی شوباتی ئەم ساڵ داوای لە پارتەکەی کرد کۆنگرە ببەستێت، چەک دابنێت و خۆی هەڵبوەشێنێتەوە.
لەسەر ئەو داوایەی ئۆجەلان، پەکەکە لە رۆژانی 5 - 7ی ئایار 12یەمین کۆنگرەی خۆی بەست و بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و کۆتاییهێنان بە خەباتی چەکداری دا.
رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆککۆماری تورکیا، دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی میلـلی تورکیا و ژمارەیەک لە پارتەکانی تورکیا پێشوازییان لە بانگەوازی ئۆجەلان کرد و پرۆسەکە پێی نایە قۆناخێکی نوێ و بەردەوامە.