خاوەن باڵاخانەیەک و بەڵێندەرەکەی بەهۆی بوومەلەرزەکەی باڵکئەسیری تورکیا دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
وەزیری دادی تورکیا رایگەیاند، خاوەن و بەڵێندەری ئەو باڵەخانەیەیان دەستگیرکردووە، کە هاونیشتیمانییەک بەهۆی بوومەلەرزەکەوە لە ژێر داروپەردوویدا، گیانی لەدەستدا.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممە بوومەلەرزەیەک بە گوڕی 6.1 پلەی رێختەر لە شارۆچکەی سندرگی پارێزگەی باڵکئەسیری تورکیا روویدا و بووە هۆی رووخانی 16 باڵەخانە. پیاوێکی تەمەن 81 ساڵ کەوتبووە ژێر داروپەردووی یەکێک لە باڵەخانەکان، دوای ئەوەی دەرهێندرا، گیانی لەدەستدا.
یڵماز تونچ، وەزیری دادی تورکیا رۆژی دووشەممە، 11ی ئابی 2025 لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رایگەیاند، لەلایەن سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی شارۆچکەی سندرگی، لێکۆڵینەوە لەبارەی رووخانی ئەو باڵەخانەیەی کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی ئەو هاووڵاتییە، دەستیپێکرد.
بە گوتەی تونچ، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکەدا، شاندێکی شارەزا کە لە ئەندازیاری شارستانی، تەلارساز و ئەندازیاری جیۆفیزیا پێکهاتبوون، راسپێردران بۆ ئەوەی پشکنین بۆ باڵەخانەکە بکەن.
وەک وەزیری دادی تورکیا دەڵێت، لە ئەنجامی پشکنین و راپۆرتی سەرەتایی ئەو شاندی شارەزایە، هەریەکە لە بەڵێندەری باڵەخانەکە و خاوەنەکەی، بە تۆمەتی ''بوونە هۆکاری مردن و بریندار بوون بەهۆی کەمتەرخەمییەوە'' دەستگیرکراون.
بەهۆی بوومەلەرزەکەوە 29 کەس بریندار بوون، 19یان دوای وەرگرتنی چارەسەر لە نەخۆشخانە، رەوانەی ماڵەوە کراونەتەوە، 10 کەسەکەی دیکەش هێشتا لە نەخۆشخانەن.
هەروەها لە ئێوارەی دوێنێوە 237 پاشلەرزە لەو پارێزگایەی تورکیا تۆمارکراون.