وەزیری ناوخۆی تورکیا دەستگیرکردنی نزیکەی 5000 داواکراوی راگەیاند

رووداو دیجیتاڵ
 
لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی ئێکس، وەزیری ناوخۆی تورکیا، دەستگیرکردنی چوار هەزار و 951 "تاوانباری داواکراو بۆ دادگە"ـی راگەیاند. 
 
ئەمڕۆ دووشەممە، 11ـی کانوونی یەکەمی 2023، عەلی یەرلیکایا رایگەیاند، "لە چوار رۆژدا لە رێگەی ئۆپەراسیۆنەکانی "ئابڵووقە" کە لە 81 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستاندا بەڕێوەچوو، چوار هەزار و 951 تاوانبار، دەستگیرکران".
 
وەزیری ناوخۆی تورکیا روونیکردەوە، 18 کەسیان زیاتر لە 10 ساڵە داواکراون، 53یان زیاتر لە پێنج ساڵە و چوار هەزار و 880یان 1-5 ساڵە بە تۆمەتی جیاواز داواکراون. 
 
لەنێو تاوانبارە داواکراوەکاندا، 536 کەس بە تۆمەتی دزیکردن، 257 کەس بەتۆمەتی فێڵکردن و ساختەکاری، 101 کەس بەتۆمەتی تاڵانکردن، 55 کەس بە تۆمەتی کوشتن و 55 کەسی دیکەش بە تۆمەتی دەستدرێژی سێکسی داواکراوبوون. 
 
راشیگەیاند، ئۆپەراسیۆنەکان بەهاوبەشی تیمەکانی پۆلیس، ئاسایش، جەندرمە و هەواڵگری ناوخۆ کراون و لە ماوەی 48 کاژێردا ئەو کەسانەیان دەستگیرکردوون، هەروەها دوای تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان و نوێکردنەوەی دۆسێکانیان، رادەستی دادگە دەکرێن بۆ سزادانیان. 
 
ئەم ئۆپەراسیۆنانەی وەزارەتی ناوخۆی تورکیا لە دژی داواکراوەکان ئەنجامی دەدات، بەپێی بەرنامەیەکی تایبەتی مانگانە لەلایەن ژووری ئۆپەراسیۆنە تایبەتەکانی وەزارەتەکەوە بەڕێوەدەچێت.